Back

سەرۆکی زانکۆ: پابەند دەبین بەزیادکردنی کورسی خۆڕایی بۆ خوێندکاران

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ساڵانەو بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی کۆلێج و پەیمانگاکان و ئەنجومەنی زانکۆ، پلانی وەرگرتنی خوێندکاران ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکات و هەر لە ناوەندی وەرگرتنی وەزارەتیشەوە بڕیار لەسەر شێوازو رێژەی وەرگرتنی خوێندکار دەدرێت. لەلێدوانێکیدا بۆ سایتی زانکۆ، پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 پلانی زانکۆمان بریتیبوو لە وەرگرتنی 2955 خوێندکار، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا 3900 خوێندکاری ئاراستەی زانکۆمان کردو بەخۆشحاڵییەوە وەرمان گرتن و ئێستا لە پرۆسەی خوێندندان، واتە تەنها بۆ ئەو ساڵە زانکۆمان 945 خوێندکار زیاتری لە پلانی خۆی بۆ نێردراوە. بۆ ئەمساڵی خوێندن پلانی زانکۆمان بریتیبوو لە وەرگرتنی 2825 خوێندکار، بەڕەچاوکردنی کوالیتی خوێندن و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، واتا 130 کورسی خوێندن کەمتر لە پلانی پار ساڵ ،وە هەر ئەمساڵ 2970 خوێندکارمان بۆ نێردراوە واتا 145 خوێندکار سەروو پلان نێردراوە لە وەزارەتەوە وە لامان وەرگیراوە ، ئەمە جگە لەوەی زانکۆمان بەکۆی گشتی وەرگرتنی خوێندکار بە پلانە جیاوازەکانیەوە بۆ ئەمساڵی خوێندن 4410 خوێندکار وەردەگرێت. سەبارەت بە کەمکردن و زیادکردنی ئەو ژمارانە سەرۆکی زانکۆ وتی، بابەتی وەرگرتنی خوێندکار و رێژەی کورسییەکان لەدەسەڵاتی ناوەندی وەرگرتن و بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدایە وە ئەوان دەسەڵاتی زیادکردن و کەمکردنیان هەیە وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پابەندی گۆڕانکارییەکان دەبێت. پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین داواشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد، جگە لەو رێژەی لەسەدا چل و پێنجە، رێژەیەکی دیکەش لە کرێی خوێندنی پارالێل کەمبکرێتەوە ئەویش لەپێناو جێبەجێکردنی خواستی خوێندکارو هێنانەدی تاڕادەیەکی زیاتری یەکسانی بۆ خوێندکاران. لەکۆتایدا سەرۆکی زانکۆ داوایکرد، شایستە داراییەکانی مامۆستایان و پێداویستیەکانی خوێندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی داراییەوە دابینبکرێت تاوەکو باشتر خزمەتی خوێندکارو پرۆسەی خوێندن بکرێت. پلانی وەرگرتن و ئاماری وەرگیراوان
This shortcode LP Profile only use on the page Profile