کاتی دەستپێکردنی دەوامی فەرمی خوێندکاران لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی راگەیەندرا
رۆژی شەممەی داهاتوو ٢٠٢١/١٠/١٦ دەوامی فەرمی خوێندکاران لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێدەکات، لەو چوارچێوەیەشدا و لە چەند رۆژی رابردوودا پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەگەڵ راگران و سەرۆک بەش و فەرمانبەران و مامۆستایانی کۆلێج و پەیمانگەکانی زانکۆ کۆبوونەوەی ئەنجامداو داوای لێکردن لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامە و رێنماییەکانی ئەمساڵی خوێندن، رێنماییە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگرن و هەموو ئامادەکارییەک بکەن بۆ کردنەوەی کەمپەسەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەڕووی خوێندکاراندا.
هەروەها داوا لە خوێندکارانیش دەکرێت لە ماوەی ( ١٥ ) رۆژدا ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن تاکو لەڕووی تەندروستییەوە پارێزراو بن و بتوانن لە کەمترین کاتدا پەیوەندی بە بەشەناوخۆییەکانەوە بکەن.
سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیرۆزبایی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەکەن و ئومێدەوارن خوێندکاران رەچاوی رێنماییەکان بکەن و پابەندبن بەکاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی ئەمساڵی زانکۆیان و هەمیشە سەرکەوتووبن.