Back

سەرۆکی زانکۆ بۆ مامۆستایان: ئێمە لەخزمەتی ئێوەو ئێوەش لەخزمەتی خوێندکاردابن

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پ.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ لەکۆلێجە تەکنیکییەکان و پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی کۆبۆوە. لەکۆبوونەوەکەدا وێڕای وەڵامدانەوەی پرسیارو داواکاری مامۆستایان، ئاماژەی بەوەکرد، زانکۆکان لەهەرێمی کوردستان بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیشەوە رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکان لەبەرژەوەندیدانین، هەربۆیە ئاستەنگەکانی بەردەممان زۆرن، وێڕای ئەوەش کۆڵمان نەداوەو بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین لەخزمەتی زانست و پێگەیاندنی نەوەکانی ئایندەمان. سەبارەت کێشەکانی ئێستای زانکۆکان سەرۆکی زانکۆ ووتی، لەراستیدا گەورەترین و بەهێزترین ئاستەنگی ئێمە نەبوونی سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕییه‌، پێویستە کە ئێمە بە ئەزموونی رابردوومان تاقیمانکردەوەو سەرکەوتوبووین لەوەی کە زانکۆکان لەرێگەی بەدەستهێنانی داهاتی خۆیانەوە، خزمەتی باشتر بە خۆیان و ئاستی زانستی زانکۆکان و پێشخستنی توانای مامۆستایان و دەرخستنی بەهرەی خوێندکاران بکەن، هەربۆیە لە ساڵانی رابردوودا چی لەسەر ئاستێ هەرێمایەتی و چی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پلەو قۆناغی زۆرمان بڕی لە ریزبەندی زانکۆکاندا. سەبارەت بە کێشەو پێوستی زانکۆکان و کردنەوەی زانکۆکان و چارەسەری گرفتی مامۆستایان سەرۆکی زانکۆ ووتی، گرفت و کێشەکان هەرچەندەبن نابێ ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی زانستی زانکۆکان و ساردکردنەوەی خۆتان و خوێندکار، لەوڕوەوە ئێوە کاری خۆتان کە گەیاندنی زانستە بە وردی ئەنجامبدەن، ئەوە ئیشی ئێمەیە وەکو ستافی ئیداری کە خزمەتی مامۆستایان بکەین و کاری ئێوەش ئەوەیە کە خوێندکار پڕ زانست بکەن، هەر بۆیە خۆتان سەرقاڵی هەندێک لێدوان و قسەی ئەملاو ئەولا مەکەن. لەکۆتایشدا دەستخۆشی لە مامۆستایان کردو گوێی لە سەرنج و تێبینییەکان گرت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile