Back

مه‌راسیمی ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی داهاتووی كورد به‌ڕێوه‌چوو

له‌درێژه‌ی كارو چالاكییه‌ ڕوناكبیری و كلتورییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، كتێبی (داهاتووی كورد) به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی سلێمانی به‌چاپ گه‌یه‌نراو ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامدرا. به‌ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پ.د. ڕه‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و مامۆستایانی زانكۆ له‌شاری سلێمانی ، مه‌راسیمی ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (داهاتووی كورد) به‌ڕێوه‌چوو كه‌ كۆكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كۆنفرانسی هاوبه‌شی هه‌ردوو زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانییه‌ كه‌ ساڵی 2018 ئه‌نجامدرا. سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ ڕۆحی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی كوردستان ده‌ستیپێكرد، پاشان ووته‌یه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ردوو سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ پێشكه‌شكرا. پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووته‌كه‌یدا پاش به‌خێرهێنانی میوانانی مه‌راسیمه‌كه‌ ، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ته‌نها زانكۆیه‌ك نیه‌ گرنگی به‌ لایه‌نی ته‌كنیكی و خوێندن و په‌روه‌رده‌ بدات ، به‌ڵكو له‌ته‌نیشت ئه‌وانه‌دا وه‌ك زانكۆیه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یی كاری له‌زۆر بواردا ئه‌نجامداوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ به‌ستنی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و بابه‌ته‌ مێژوویی و هه‌ستیاره‌كانی گه‌لی كورد و به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ كراوه‌ته‌ كتێبێك بۆ نێو كتێبخانه‌ی كوردی، هیوای خواست بتوانن له‌ ئاینده‌دا كاری باشترو به‌پێزتر پێشكه‌ش بكه‌ن. دواتر له‌لایه‌ن كۆزاد احمد باس له‌ به‌رهه‌م و نوسینه‌كانی ناو كتێبه‌كه‌ی كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئامانجی له‌چاپدانی كتێبه‌كه‌ . پاشان كتێبه‌كه‌ به‌خشرایه‌ ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌كه‌. شایانی باسه‌ كتێبه‌كه‌ به‌هه‌رسێ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی له‌ دوو توێی 595 لاپه‌ڕه‌داو به‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگی چاپكراوه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile