سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی: گرنگترین داواکاری زانکۆکان گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی و داراییە
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ( ٢٠٢١-٢٠٢٢ ) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئاگاداربوون لە جێبەجێکردنی بەرنامە و رێنماییەکانی ئەمساڵی خوێندن، پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆ سەردانی پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەری کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢١/٩/٥ پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەردانی پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەری کرد و لەلایەن د.ئاراس عومەر راگری پەیمانگا و یاریدەدەری راگر و بەڕێوەبەرانی بەشەکان و مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە راگر و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگاکە کرد کە سەرەڕانی گرفت و قەیرانی دارایی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کارەکانیان راپەڕندووە و ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لە پەیمانگاکەدا جێبەجێکردووە.
سەرۆکی زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا داوامانکردووە وەکو ساڵانی رابردوو دەسەڵاتی دارایی بدرێتەوە بە زانکۆکان تاکو زیاتر دەستکراوەبن بۆ خزمەتکردن و پێشخستنی پرۆسەی خوێندن و بەرەوپێشبردنی زانکۆ، هەروەها داواشی لە راگرو بەڕێوەبەرانی پەیمانگا کرد داواکاری و سەرنجەکانیان بکەنە کۆنووسێک تا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ تاوتوێ بکرێت و بۆ ئەنجومەنی وەزارەت بەرزبکرێتەوە و رهزامهندی لهسهر جێبهجێكردنیان بدرێت.