زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی خاڕەزمی ئێران واژۆ كرد
بەمەبەستی کاری زانستی ھاوبەش و دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی ھەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی خاڕەزمی ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد.
رۆژی 25 ی ئابی 2021 شاندێكی زانکۆی خاڕەزمی کە پێکھاتبوون لە د. عەبدوڵا حسێنی و د.حەمزە خاستار سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیان کرد و لەلایەن پ.د.سۆران ئهبوبهكر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو شیروان حامد بەڕێوەبەری ئۆفیسی نێودەوڵەتی زانکۆوە پێشوازیان لێکرا و دوای تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی ئەکادیمی و زانستی، یاداشتێكی لێکتێگەیشتن لهنێوان ههردولادا واژۆ كرا.
بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکە ھەردوو زانکۆ پەرە بەکاری زانستی ھاوبەشی وەک توێژینەوەو رێکخستنی کۆنفرانس و دیداری ئەکادیمی جێ بایەخی ھەردوولا دەدەن و دەرگا لەنێوان ھەردوولادا دەکرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و خوێندکاران.