Back

به‌به‌شداری زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ،فێستیڤاڵی تەكنۆلۆژی تێكفێست بۆ داهێنان لە سلێمانی كرایەوە

به‌ئامانجی ده‌رخستن و پاڵپشتی كردنی توانای ئه‌و گه‌نجانه‌ی داهێنان ده‌كه‌ن به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ زانستێك له‌ زانسته‌كان فێربوون و ده‌یانه‌وێت خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای كوردی بكه‌ن، ڕێكخراوی په‌ره‌پێدانی بیری نوێ به‌سه‌رپه‌رشتی تیمی گه‌نجانی نوسینگه‌ی جێگری سه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، ڤیستیڤاڵی فێستیڤاڵی تەكنۆلۆژی تێكفێست بۆ داهێنان لە سلێمانی كرایەوە.

ڕۆژی شه‌ممه‌ 2021/8/21 بە بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی و پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و زانستخوازان لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسورەکە له‌شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی ساڵانەی تێكفێست بۆ ئەو گەنجانەی پڕۆژە و داهێنانی تەكنۆلۆژییان هەیە لە سەر ئاستی كوردستان كرایەوە.

تێكفێست گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژییە لە شاری سلێمانی کە بۆ دووەمین ساڵ ئەنجام دەدرێت، گەنجان و داهێنەرانی کوردستان پرۆژە تەکنەلۆژییەکانیان بۆ میوانانی پێشانگا نمایش دەکەن ، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیش ڕۆڵی كارای له‌ ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا گێڕاو سێ پرۆژه‌ی ناوازه‌ی پێشكه‌شكرد كه‌ جێ ی سه‌رسوڕمانی ئاماده‌بووان بوو.

د.ڕۆژین كمال محمد امین له‌سه‌نته‌ری DCH ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی تایبه‌ت به‌ سایتی زانكۆ ووتی:

زۆر خۆشحاڵین کە پڕۆژە نمایشکراوەکانی سەنتەرەکەمان سەنتەری DCHی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و تۆڕی نەهرەین لە TECHFEST دا بووە جێگەی خۆشحاڵی و ڕەزامەندی و سەرسام بوونی بەڕێزان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و به‌شداربووانی دیكه‌ جگە لە جەختکردنەوەی بەڕێزیان لەسەر گرنگی پڕۆژە تەکنەلۆجیە کەلەپووریە کولتووریەکانمان بۆ کەرتی کەلەپووری کولتووری و گەشتیاری، بەڕێزیان پشتگیری خۆیانی دەربڕی و هانی سەنتەرەکەشمانی دا بۆ فراوان کردنی پڕۆژەکانمان.

بەختەوەر بەرزان، گەنجێکی داهێنەری پارێزگای هەڵەبجەیەو خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌ و خوێندكاری زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌، بەتوانا و لێهاتووییەکەیەوە داهێنانێکی جیاوازی تایبەت بە منداڵانی نابینا ئامادەکردووە كه‌ بتوانن فێری خوێندن و خوێندنه‌وه‌ ببن به‌شێوازی ئه‌لیكترۆنی و به‌كارهێنانی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت، به‌خته‌وه‌ر له‌لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانكۆ ووتی: دڵخۆشم بتوانم خزمه‌تێك به‌ مناڵانی نابینا بكه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆشم خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تم ، به‌ڵام بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی چاوه‌ڕی ده‌ستی كه‌سانی تر بین پیویسته‌ خۆمان هه‌وڵ بده‌ین و خزمه‌ت به‌ ئه‌و كه‌سانه‌بكه‌ین كه‌ پێویستیان پێمانه‌.

فێستیڤاڵی تەكنۆلۆژی تێكفێست له‌پاش نمایشكردنی پرۆژه‌كان ، پانێڵێك بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو .

قوباد تاڵەبانی لەمیانەی بەشداریکردنی لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ٨٦٠ مۆڵەتی وەبەرھێنان دراوە کە ٤٨ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنن و پلانی حکومەتیش ئەوەیە ١٠٠ جۆر خزمەتگوزاری بکاتە ئەلەکترۆنی.

هه‌روه‌ها ڕوونیکردەوە پلانی حکومەت ئەوەیە ھەماھەنگی تەواو لەنێوان حکومەت و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن و کەرتی تایبەتدا دروست بکات و رایگەیاند، بە بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا دەتوانین وڵات پێش بخەین و ژێرخانی ئابوری بەھێز بونیات بنێین و ھەلی کاری پێویستیش دروست بکەین، بە دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەو سێ کەرتەدا لە داھاتوودا لەلایەکەوە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و لەلایەکی دیکەشەوە بە کارئاسانیکردنی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت ئاستی وەبەرھێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.

لە بەشێکیتری وتەکانیدا جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لە پرۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت کرد و ڕایگەیاند، متمانەی تەواوی بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش بە گەنجان ھەیە و لە بەشێکی گەورەی پرۆسەی بە ئەلەکترۆنی کردنی حکومەت پشت بە توانای گەنجانی کورد و کۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بھێنن.

یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووانی ڤیستیڤاڵه‌كه‌ به‌سایتی زانكۆی ووت: هەموو كۆمەڵگەیەك گەنجی زۆری تێدابێت، داهێنان و بەرهەمیشی زۆر دەبێت، بەڵام لە ئێستادا كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، وایكردووە بەرهەمهێنان كەمبێت و بەكاربەر زۆرتربێت، لەبەر ئەوە گرنگە ئەو جۆرە دەرفەتانە بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت. وتیشی، ئەو پڕۆژانەی هەیانە دەرفەتی یەكسان بە بێ‌ جیاوازی بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.

پێشانگای TECHFEST رۆژی شەممە تا دوو شەممە لە ڕێکەوتی 21/8/2021 بۆ 23/8/2021 بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەردەوام دەبێت و هاتن بۆ هه‌موانه‌.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile