Back

پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆکان لە ناو هۆڵەکانى خوێندن دەستپپێدەکاتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى نوێى خوێندن و دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن ئامادەکارى پێویستى ئەنجامداوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە (ناو کەمپەس) دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (2021/8/18) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە (٦)ى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ  ساڵى نوێى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندن کە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە (9/1) بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پرۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت و ڕەچاوکردنى مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانیش.

هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخى دارایى زانکۆکان و پێداویستییەکان کرا بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران کارکراوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى زانکۆکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان، بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن لەهەرێمى کوردستان سەرکەوتو بێت، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە بۆ پشتگیرى دارایى زانکۆکان و جێبەجێکردنى بەرنامەو پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن هاوکارى زانکۆکان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەبارەى هەنگاوە کردارییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى کوردستان، لەلایەن د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لەڕێگەى پریزینتەیشنێک وردەکارى و قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکانى کوردستان خرایەڕو، بەو پێیەى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرەتای دروستبونیەوە جەختی لەگۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی کردوە لە سێکتەری خوێندنی باڵا بە گشتی و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و سیستەمی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەتى.

لەبارەى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە گرنکەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کابینەی نۆیەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەربازبون لە سیستەمى خوێندنى کۆن و کلاسیک و بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی کوردستان و بە ستانداردکردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامەکان بە ئامانجی گونجاندن و نزیکبونەوە لە ستانداردی سیستەمی خوێندنی زانکۆ پیشکەوتوەکانی جیهان. وتیشى: بەجێبەجێ کردنى تەواوى ئەم سیستمە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەردەکرێت، چونکە دەمانەوێت نەوەی ئێستاو داهاتومان دەرفەتی باشترین و بەرزترین ئاستی خوێندن و فێرکردنیان بۆ برەخسێت.

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاوتوێکراو بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان بە پەلە لیستى مامۆستایانى زانکۆى بەتوانا و لێهاتو و ئەزمون دەوڵەمەند ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى وەک سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى هەڵبژاردن و سەرپەرشتى کردنى ئەم پرۆسە گرنگەى دیموکراسى کە هەڵبژاردنە رۆڵیان هەبێت.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند بڕگەو ماددەیەکى تایبەت بە پرۆسەى خوێندن و بوارە کارگێڕى و داراییەکان و خوێندکاران و قوتابیان تاوتوێکران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile