خولێکی چوار هەفتەیی بۆ بەهێزکردنی توانای توێژەرانی زانکۆ دەستیپێکرد
سەبارەت بە بەکارهێنان و چۆنیەتی شیکاری ئامار و بەکارهێنانی سۆفتیۆری( SPSS )، سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری و کلتووری دیجیتاڵی زانکۆی پۆلیتەکینکی سلێمانی بەهاوکاری هاوبەشە بەریتانیاکەی تۆڕی (نەهرەین)، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٧/٢٦ خولێکی چوار هەفتەیی بۆ بەهێزکردنی توانای توێژەرانی سەر بە زانکۆ کردەوە.
لەوبارەیەوە د.ڕۆژین کەمال بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری و کلتووری لە لێدوانێکدا بۆ سایتی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆ بەهێزکردن و پێشخستنی توانای توێژەرانە لە بواری ئەنجامدانی توێژینەوە و کۆکردنەوەی داتا و شیکاریکردندا.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم خولە بەهاوکاری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی بۆ چەند توێژەرێک کراوەتەوە، جگە لە ئەندامانی سەنتەرەکە ستافی ئەکادیمی و کارگێڕیشی تێدایە.
خولەکە لەلایەن م.شاهۆ محەمەد لە هۆڵی کۆنفرانسی سەرۆکایەتی زانکۆ له هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ دەوترێتەوە، ئەوانیش ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە وە لەهەر ڕۆژێکدا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.