Back

وۆرکشۆپی سێ ڕۆژەی (خۆئامادەکردن بۆ بازاڕی کار) كۆتايى پێهات

له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌ زانستییه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌نوكه‌یی و هه‌ستیاره‌كان، بە چاودێری پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ڕۆژی 14ی تمموزی 2021  لە کەمپی چوارچرا بە ئامادەبوونی پ.ی.د. عطاء شێخ کریم ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری، وۆرکشۆپی (خۆئامادەکردن بۆ بازاڕی کار) لەدوای سێ ڕۆژ كۆتايى هات. ڕاگرى كۆلێجى تەکنیکی ئەندازيارى زۆر سوپاسى خوێندكارانى قۆناغى چوارەمى بەشى ئەندازيارى نەوت و وزە و ميكانيكى كرد كە ئەم سێ ڕۆژە ئامادەى كۆرسەكانى وۆركشپۆكە بوون. دکتۆر عطاء شێخ کریم وتيشى: “هيوادارم خوێندكاران سووديان لەم وۆركشۆپە وەرگرتبێت و بتوانن لە داهاتوودا لە بوارەكەى خۆياندا سەركەوتوو بن و مايەى شانازى بن بۆ زانكۆکەيان. هەروەها زۆر سوپاسى كۆمپانياى (EDC) کرد کە هاوكارمان بوون بۆ ئەنجامدانى ئەم وۆركشۆپە.” ئەندازيار سەروەر سەلام لە كۆمپانياى (EDC) ئاماژەى بەوە دا: “ئامادەبوونى ئەم خوێندكارانە دواى قۆناغەكانى خوێندن جێگەى خۆشحاڵييە، ئەمە پێمان دەڵێت كە خوێندكاران بەردەوام هەوڵدەدەن بۆ فێربوونى زانيارى نوێ. بۆيە زۆر سوپاسى خوێندكاران دەكەين.” هەروەها وتيشى: “زۆر سوپاسى زانكۆى پۆليتەکنيكى سلێمانى و كۆلێجى تەكنيكى ئەندازيارى دەكەين، چونكە لە هەموو زانكۆيەك ئەم هەلە بۆ خوێندكاران ناڕەخسێندرێت، بە تايبەتى دواى تەواوبوونى قۆناغەكانى خوێندن. وۆركشۆپى لەم جۆرە يارمەتى خوێندكاران دەدات تاكو بتوانن زووتر هەلى كاريان دەست بكەوێت.” لە كۆتايى وۆركشۆپەكەدا سێ بڕوانامەى جياواز لەلايەن كۆلێجى تەكنيكى ئەندازيارى و كۆمپانياى (EDC)يەوە پێشكەش بە بەشداربووان كرا. شايانى باسە وۆرکشۆپى (خۆئامادەکردن بۆ بازاڕی کار) به‌سه‌رپه‌رشتی كۆلێجی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری و بە هاوکاری کۆمپانیای (EDC) بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو و تێيدا ٦٠ خوێندکار لە به‌شی ئەندازیاری (نەوت و وزە و میکانیک) بەشداربوون تێیدا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile