Back

یاداشتێكی لێكگه‌یشتن له‌نێوان زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق واژۆكرا

له‌پێناو ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش و به‌ره‌پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ڕۆشنبیری و كارگێڕییه‌كان و ئاڵوگۆڕی تواناكان و سوود وه‌رگرتن لێیان ،  زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان واژۆكرد. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یرانی 2021 له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا و به‌ئاماده‌بوونی پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئامانج عزیز كریم به‌رپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ، له‌ هۆڵی پیره‌مێردی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆو به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی زانكۆ كۆمیسیۆن و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ، لێكگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوولا واژۆی له‌سه‌ر كرا. سه‌ره‌تا پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌پاش به‌خێرهاتنی شاندی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و میدیاكاران و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م لێكگه‌یشتنه‌ له‌چوارچێوه‌ی كاری هاوبه‌شی هه‌ردولایه‌ و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆمان وه‌ك زانكۆیه‌كی دانپیادانراو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراقه‌وه‌و له‌ ڕێگه‌ی توانا مرۆیی و لۆجستییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بتوانێت هاوكارو پشتیوانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت و خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌ك زانكۆیه‌كی كۆمه‌ڵگایی هه‌میشه‌ كاری كردووه‌ كه‌ خۆی بناسێنێت بۆ خزمه‌تی بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگا. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆ ئامانجی نزیك بونه‌وه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ ده‌یانه‌وێت بۆ به‌هێزكردنی توانای كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن خولی تایبه‌تمه‌ند به‌ سه‌رپه‌رشتی مامۆستایانی پسپۆر له‌ (سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و سه‌نته‌ری خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا)و پسپۆرانی زانكۆ له‌ سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكان بكرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌بواری (ئایتی و كۆمپیوته‌رو كارگێڕی و ژمێریاری و په‌یوه‌ندییه‌گشتییه‌كان) هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی هۆڵه‌ تایبه‌ته‌كانی زانكۆ بۆ ئه‌نجامدانی خوله‌كانی به‌هێزكردن. هه‌روه‌ها پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین ڕایگه‌یاند كارده‌كه‌ین كه‌ خوێندكاران و ده‌رچووانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوود له‌و هه‌لانه‌ وه‌ربگرن كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یڕه‌خسێنێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت. پاشان ئامانج عزیز كریم به‌رپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق خۆشحاڵی خۆی ده‌بڕی به‌ ئه‌نجامدان و واژۆكردنی لێكگه‌یشتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی حكومه‌ت كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌ ، ڕایگه‌یاند به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان زیاتر په‌ره‌پێده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها لێك نزیكبونه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌رزنرخاند كه‌ ده‌توانن بۆ داهاتویه‌كی دورتر پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن.  سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد كه‌ به‌خێرایی به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌یانه‌وه‌ هاتوه‌و هه‌موو پشتگیرییه‌كی خۆی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕیووه‌. له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا دیاری و درعی ده‌زگاكه‌یان پێشكه‌ش به‌یه‌ككرد. ئه‌مه‌ش ڤیدیۆی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یه‌: https://www.facebook.com/PUKmedia.Official/videos/804317650453403
This shortcode LP Profile only use on the page Profile