وەزارەتی خوێندنی باڵا: پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٥٣)ی ڕێکەوتی (١٠/٣/٢٠٢١)، پەیڕەوى مۆڵەتى خوێندنی پەسەند کرد کە دەستکەوت و دەرفەتێکی گرنگ و پڕبایەخە بەئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بروانامەی ئاست نزم و بێ کوالێتی.
لەو بارەیەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەى گرنگى پەیڕەوەکە ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى مۆڵەتى خوێندن بەپێى پێداویستییەکانى دامەزراوەکانى هەرێم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى وەزارەتى پلاندانان و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێم کاردەکەن بۆ دیاریکردنى پلان و ئەو پسپۆریانەى بۆ گەشەپێدانى بازاڕى کارى کوردستان گرنگن. ئەم پلانەش پەیوەندیدار دەبێت بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی بۆ گەشەکردنی ئابوری و زانستی هەرێمی کوردستان پێویستن.
هاوکات لەپەیڕەوەدا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران خراوەتەڕوو لەپێناو زامنکردنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
هەروەها بە پێی ئەم پەیڕەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن و درێژە بە خوێندن بدەن لەو زانکۆیانەی کە ئاستی زانستیان بەرزەو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکراون، ئەمەش زامنی پاراستنی کواڵیتی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەستدەهێنرێن. جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەکان و ئەرک و بەرپرسیاریێتەکانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاری کراوە.
جێگەى ئاماژەیە لەدوای چەندین ساڵ لە نەبوونی پەیرەوێکی یاسایی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ خوازیارانی خوێندن دەستەبەربکات، ئەم ھەوڵە دەسکەوت و دەرفەتێکی گرنگ و پڕبایەخە بەئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بروانامەی ئاست نزم و بێ کوالێتی.
لەئێستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاساو ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوەدا مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.
بۆ خوێندنەوەى دەقى پەیرەوەکە گرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن.