پسپۆرێکی کشتوکاڵی لەزانکۆی کوردستان (سنە) وۆرکشۆپێکی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرد
بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی تواناو زانستەکان و بەپێی ڕێککەوتنی زانستی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی کوردستان (سنە) وۆرکشۆپێکی زانستی لەلایەن پسپۆڕێکی ئەو زانکۆیە لە کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٦_٥_٢٠٢١ د. کارزان عبداللە ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی ھەڵەبجە بە ئامادەبوونی مامۆستایانی کۆلێج و پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە پێشوازی لە پ.د.علی اکبر مضفری لە زانکۆی کوردستان /سنە کرد.
سەردانەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی وۆرکشۆپێکی زانستی بوو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی/ کۆلێجی تەکنیکی زانستەپراکتیکیەکانی ھەڵەبجە، لە میانەی سەردانەکەیدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە بواری خوێندنی باڵادا کرایەوە.
پاشان لەلایەن ناوبراوەوە و بە ئامادەبوونی سەرجەم مامۆستایانی کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکان و پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجەو ژمارەیەک لە ئەکادیمیانی شارەکە، وۆرکشۆپێکی زانستی بەناونیشانی (تەکنیکەکانی شانەو چاندنی ڕووەک)بە ھەردوو شێوازی تیۆری و پراکتیکی پێشکەشکرا ، کە تێیدا بەووردی لەسەر بابەتەکە دواو زانیاری زۆر بەسوود و ھاوچەرخی پێشکەش کردو دواتر لە تاقیگەی هیماتۆلۆجی کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە بە شێوەیەکی زیندوو وانەکان بەڕونتر شیکرانەوەو ئامادەبووانی وۆرکشۆپەکەش سەرسامی خۆیان پیشاندا بە بیستنی زانستی نوێ و پێشکەشکردنی چالاکییە زانستییەکە.
پ.د.علی اکبر مضفری پسپۆڕ لە زانکۆی کوردستان (سنە) خۆشحاڵی خۆی بەپێشکەوتنەکانی بواری خوێندنی باڵا لە شاری هەڵەبجەو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەربڕی و ئامادەیی خۆی دوپاتکردەوە بۆ کاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی تواناکان لەپێناو سوود گەیاندن بە زانستخوازان و مامۆستایان و خوێندکاران.