زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا کاری ھاوبەشی زانستی ئەنجام دەدەن
لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئەرمینیا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ مھر گریگۆریان جێگری سەرۆک وەزیران و ھایک چۆپانیان وەزیری پیشەسازیی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە و لەگەڵ ھەردوولا گەیشتنە کۆمەڵێک رێککەوتنی سەرەتایی.
لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا و باس لە پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری ھاوبەشی زانستی، ھەروەھا بڕیاردرا تیمی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بەمەبەستی گواستنەوەی ئەزموونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری.
بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمیی لەگەڵ زانکۆی یەریڤانی پۆلیتەکنیك واژۆ بکات بەمەبەستی هەماهەنگی زانستی و کاری هاوبەش.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم دەکات کە هەمیشە هاوکارو پشتیوانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی پیشەی و تەکنیکی کە بابەتێکی گرنگە ئەمڕۆ لە خوێندنی باڵا کە بەشێوازێکی هاوچەرخ گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی کاردا.