Back

بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەند پرسێکى هاوبەش، وەزیرانى خوێندنى باڵا و تەندروستى کۆبونەوە

بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە هاوبەشەکان و پەرەپێدانى زیاتری خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکى و پێشخستنى خزمەتگوزاری تەندروستى لە هەرێمى کوردستان، لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى تەندروستى هەماهەنگى زیاتر دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2021/5/4) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى کۆبونەوەى هاوبەشى هەردو وەزارەت بە ئامادەبونى د. رەهێل فەرەیدون بریکارى وەزارەتى تەندروستى و ستافى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردو وەزارەت بەڕێوەچو. د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەروەک لەکارنامەکەیدا ئاماژەى پێکراوە پشتیوانى تەواو لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەکات، هەر بۆیە ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵایە کار بکەین بۆ پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خویندن و ڕاهێنان، بۆ ئەمەش وتى: زانکۆ و کۆلێژە پزیشکییەکانمان ئەرکێکى گرنگیان لەئەستۆیە کە بریتیە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى وڵاتەکەمان. لەبارەى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى، وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە کە گرنگە کاربکەین بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی باشتر بۆ خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی بڕەخسسێنین. لەلایەن خۆیەوە وەزیرى تەندروستى لە وتەیەکدا جەختى کردەوە لە هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لە نێوان وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەها ئاماژەی کرد کە توانا مرۆییەکان و ژێرخانی تایبەت بە خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لە نێوان هەردو وەزارەت هاوبەشن ، هەم مامۆستایانی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەشداری کاریگەرن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تەندروستیش لە خزمەتی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکیدان، هەر بۆیە پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە لەسەر هەر دو ئاستی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی پسپۆڕی. هەردوولا جەختیان کردەوە کە هەماهەنگیەکان بەدەوام دەبن بۆ داڕشتنەوەی مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتن لە خوێندن و ڕاهێنانی پسپۆڕی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان. لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەردولا بڕیاریاندا کە کۆنفرانس و دیداری هاوبەش لە نێوان هەردو وەزارەت ئەنجام بدرێت لەبارەی ئەو بابەتە هاوبەشانەی کە ئەنجامدا دەبنە هۆکاری پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی و پێگەیاندن و ڕاهێنانی پزیشککارانی هەرێمەکەمان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile