Back

سه‌رۆكی زانكۆ ستایشی ڕۆڵی مامۆستایانی زانكۆ ده‌كات له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی خوێندن و سوپاسنامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ ده‌كات

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رك و ماندوبون و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی خوێندن و خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خوێندكاران و ڕێگه‌نه‌دان به‌ وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی زانست و فێركردن له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، سه‌رۆكی زانكۆ سوپاسنامه‌یه‌كی فه‌رمی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌كات كه‌ وانه‌ی تیۆری و پراكتیكیان به‌ خوێندكاران وتوه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی (دكتۆرا،ماسته‌ر،دبلۆمی باڵا،بكالۆریۆس،دبلۆم) له‌ سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیدا. له‌ لێدوانێكدا تایبه‌ت به‌ سایتی زانكۆ ، پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕایگه‌یاند: مامۆستایان بناغه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگان و له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا ڕۆڵی سه‌ره‌كیان بینیوه‌ له‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی نه‌وه‌كانی داهاتوودا، هه‌روه‌ها ماوه‌ی 7ساڵه‌ قه‌یران له‌دوای قه‌یران به‌رۆكی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و موچه‌خۆرانی گرتووه‌و له‌نێویشیاندا ژیانی مامۆستایانی به‌جۆرێك قورس كردووه‌ كه‌ له‌زۆربه‌ی ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تتدا ناوبه‌ناو ده‌وام وه‌ستێنراوه‌، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و ماندوبوونی مامۆستایانی زانكۆو به‌بێ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان ، ده‌وام و خوێندن له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی نه‌وه‌ستاوه‌و به‌هه‌ر شێوازێك بوبێت خوێندن به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆنه‌ویستی و له‌خۆبردوویی مامۆستایان كه‌ هه‌میشه‌ چرای ڕوناككه‌ره‌وه‌ی  ڕێگای نه‌وه‌كانی داهاتووبوون. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زانكۆ له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ووتی: ئاراسته‌كردنی سوپاسنامه‌یه‌ك بۆ ئه‌وان كه‌مترین پاداشته‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆریان بۆ پرۆسه‌ی خوێندن كه‌له‌ خوێندنی ساڵی (2020-2021) ڕۆڵی به‌رچاوو گه‌وره‌یان گێڕاوه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ خوێندن په‌كی بكه‌وێت له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیدا سه‌ره‌ڕای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ ستایشی ڕۆڵه‌ مه‌زنه‌كه‌یان ده‌كه‌ین. له‌كۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سه‌ركه‌وتن و ته‌ندروستییه‌كی باش بۆ هه‌مووان ڕایانگه‌یاند: بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی خوێندن و پاڵپشتیكردنی مامۆستایان هه‌رچیه‌كیان پێبكرێت درێغی ناكه‌ن و به‌رده‌وان ده‌بن . شایانی باسه‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ نوسراوی ژماره‌ 252ن له‌ 2021/5/4 كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ سایتی زانكۆ نێردراوه‌ ، سوپاسنامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی مامۆستایانی زانكۆ كردووه‌ له‌سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكان .
This shortcode LP Profile only use on the page Profile