وەزارەتى خوێندنى باڵا بە هاوکارى کۆمپانیاى هواوى، داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستیەکان بنیاد دەنێت
بەمەبەستى کەمکردنەوە بۆشایى تەکنەلۆجیا لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى چینى، کار بۆ بنیادنانى داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستییەکان دەکات.
لە دیدارى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەگەڵ لی شيانغ يو (سبيس لی) جێگرى سەرۆکى کۆمپانیاى هواوى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە ڕاوێژکارى وەزارەت ئامادەیبو، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە هەماهەنگیەکانى کۆمپانیاى هواوى چینى کرد لەگەڵ وەزارەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئاشناکردنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و ناساندنیان بە کلتورى وڵاتى چین. هەروەها هاوکاریکردنى وەزارەت بۆ دروستکردنى ئەکادیمیایى ئایتى لە زانکۆى سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیکى سلێمانى و بەهیواى فراوانکردنى بۆ سەرجەم زانکۆکانى تریش. کە ئامانج لە دروستکردنى ئەکادیمیاى ئایتى پەرەپێدانى تواناکانى کۆمپیوتەر و ئایتیە لە زانکۆکانى کوردستان.
د. ئارام محمد قادر جەختى کردەوە پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان، کە بریتیە لەشێوازى خوێندنى ئاوێتە بەسەرکەوتوى بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەماهەنگى زیاترى هواوى دەبێت بۆ کەمکردنەوە بۆشایى تەکنەلۆجیا لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ و زیاتر بەهێزکردنى ژێرخانى ئەلیکترۆنى دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان و دەستەبەرکردنى یەکسانى لەگەیشتن بە ئامێرە زیرەکەکان و هێڵى ئینتەرنێت بۆ هەمو خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ. بۆ ئەوەى هیچ فێرخوازێک لە خوێندنى ئاوێتە دوانەکەوێت کاتێک پێویستى بە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا دەبێت.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى کرد داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستیەکانى خوێندنى باڵا بنیاد بنرێت کە تیایدا هەمو سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان و کتێب و بابەتە زانیستیەکانى زانکۆکان لە خۆ بگرێت و قوتابیان و مامۆستایان بتوانن لە ڕێگەوە کڵاودەوە دەستیان بەو بابەت و زانیاریانە بگات.
لەلایەن خۆشیەوە جێگرى سەرۆکى کۆمپانیاى هواوى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆشحاڵى خۆى بە پێشکەوتنەکانى پرۆسەى خوێندنى باڵاى کوردستان دەربڕى و وتى: ئایندەى بازاڕى کارو گەشەکردنى ئابورى زۆر پەیوەندیدارە بە تەکنەلۆجیاى زانیارى و زیرەکى دەستکردو گەشەکردنى تەکنەلۆجیاوە، بۆیە پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەى لە زانکۆکان گرنگى بەم کارانە بدرێت. هەروەها پشتیوانى کۆمپانیاکەشى دەربڕى بۆ پرۆژەى داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستیەکان و بەهێزکردنى ژێرخانى ئەلیکترۆنى خوێندنى باڵا. کە وا بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەم پرۆژانە لە چوارچێوەى یاداشتێکى لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەت و کۆمپانیاى هواوى واژو بکرێت.