Back

پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ڕۆژی شەهیدانی زانکۆ

ئەمرۆ (٤٧) ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێی قارەمان دا تێپەر دەبێت کە لە پەلامارێکی  دڕندانەی بێ پێشینەدا ئەو شارە قارەمانە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بومباباران دەکرێت و لەئاکامدا دەیان خەڵکی سڤیل  لە دانیشتوانی شارەکەو خوێنداکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو کاتی زانکۆی سلێمانی لە شاری قەڵادزێ شەهید دەبن و سەدان ھاوڵأتی تریش بریندار دەبن.

ئەو کات سەردەمی  شۆڕشی ئەیلول بو، زانکۆی سلێمانیش وەک هەمیشە پشتیوانی گەورەی شۆڕش بوەو شان بەشانی پێشمەرگە لەسەنگەری خەبات و بەرخودان بوە. هەر لە بەر نیشاندانی  هەڵوێست و هاو خەباتی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤دا مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ بڕیاریاندا بچنە بەرەی شۆڕش و تەواوی زانکۆ ببەنە شاری قەڵادزێ، حکومەتی دیکتاتۆری ئەو کاتەش بەشێوەیەکی توندوتیژ وەڵامی ئەم هەڵوێستەی زانکۆی دایەوەو بە بۆمبی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێی بۆردومان کرد کە چەندین شەهیدو برینداری لێ کەوتەوە، لە نێویاندا شەهیدانی سەربەرزی زانکۆ (سۆرانی سەڵەتە و حمەصالح سام سام و ئازاد حسێن و عمر مجید و هیوا عبدالغفور و بورهان شاسوار) بونە قوربانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان.

زانکۆی سلێمانی جگە لە ئەرکە زانستی و مەعریفییەکانی لە پێگەیاندنی خوێندکاران و بەشداری ڕەسەن لەبەرهەمهێنانی مەعریفە، لە هەمانکاتدا لانکەی گەشەکردنی بیری کوردایەتی و داینەمۆی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوە، ڕۆڵی گەورەی هەبوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی مەزنی شۆڕش و بەرخوردانی گەلی کوردستان .

لەم رۆژەدا وێڕای دانەواندنی سەری ڕێزو نەوازش لەحزور گیانی بەرزە فری شەھیداندا، ڕایدەگەیەنین پەیامی زیندوی زانکۆ و شەھیدان، وەک ھەمیشە ھەوێنی بیروباوەڕ و قیبلەنمای کاروانی خەباتی ئەم سەردەمەمانن و ھەتا گەیشتن بە دوا ئامانجەکانی گەلەکەمان، زانکۆکان و دامەزراوکانی سەر بەوەزارتی خوێندنی باڵا درێژە پێدەری باوەڕی بەرزی شەھیدان و کاروانی پێشکەوتن و زانستیی گەلەکەمان دەبن.

د. ئارام محمد قادر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

٢٠٢١/٤/٢٤

This shortcode LP Profile only use on the page Profile