Back

پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا

سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانكۆدا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی زانستخوازان و مامۆستایان ‌و خوێندكاران‌ و فەرمانبەرانی زانكۆ و هاوڵاتیان دەكەن و ئاماژە بە رۆڵ و دەستكەوتە گرنگەكانی زانكۆ دەكەن كە ئەمە دەقەكەیەتی؛ ‏‎ئەكادیمیان و زانستدۆستانی خۆشەویست مامۆستایان ‌و خوێندكاران‌ و فەرمانبەرانی زانكۆ لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی زانستخوازان و مامۆستایان ‌و خوێندكاران‌ و فەرمانبەرانی زانكۆ و هاوڵاتیان دەكەین و رایدەگەیەنن لەم چەند ساڵەی رابردوودا سەرەڕایی قەیران و كۆسپەكان زانكۆمان هەنگاوی گرنگی بڕیوە و دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە. ‏‎48 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1973 بە دامەزراندنی یەكەمین پەیمانگا لە كوردستان، پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی (پەیمانگای دایك) بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەرەپێدانی زانست ‌و خوێندن‌ و پلانی ئایندە و هەوڵی بەردەوام لەپێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست‌ و فەرهەنگ‌ و زانیاری، ئەركی سەرەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بووە، لە ساڵی 2012ەوە لە دەستەی تەكنیكییەوە بەرفراوانبووە و گۆڕاوە بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و لەئێستادا خاوەنی پێنج كۆلێج ‌و 8 پەیمانگای تەكنیكی‌ و سەنتەرەكانی ( نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی، توێژینەوەی زانستی، گەشەپێدانی كار(CDC)، سەنتەری جێندەرناسی، سەنتەری توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی و ناوەندی خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆ ). بەخۆشحاڵییەوە لە مانگی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی عێراق بەفەرمی دانپێدانانی بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا راگەیاند كە ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە و گرنگی دیكە بوو بۆ زانكۆكەمان كە بە هەوڵ‌ و كۆششی خەمخۆرانی زانست و سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان‌ و فەرمانبەران و توێژەران‌ و خوێندكارانی زانكۆمان بووە، لەگەڵ ئەنجامدان و بڵاوكردنەوەی سەدان توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكاندا سەرەڕای قەیران و تەنگەژەكان، وە لە نوێترین ڕانكی سەرجەم زانكۆكانی عێراقدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی حكومه‌ییه‌كانی هەرێمی كوردستان لە ڕیزبەندی ( 8 )هەمیندایە، لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراقیش لە پلەی ( 39 )دایە‌، لەڕووی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستیشدا لە پلەكانی پێشوەدایە و لە ئاستێكی زۆر باش و دڵخۆشكەردایە‌ كە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهانیش پێش ژمارەیەك زانكۆ دەكەوێت، ئەمەش یەكێكە لەو كۆمەڵە دەستكەوتەی لەماوەیەكی زۆر كەمی دامەزراندنیدا بەدەستیهێناوە. وەك ئاشكرایە زانكۆمان خۆی لەدەستەبەركردنی پێویستییە فێركاری‌ و رۆشنبیری‌ و تەكنیكییەكان دەبینێتەوە بەئاڕاستەی گەشەپێدان‌ و پەرەپێدانی پرۆسەكانی خوێندن ‌و توێژینەوەی زانستی بۆ هاریكاریكردن لەگەڵ سەرجەم ناوەندە زانستی ‌و تەكنیكییەكان لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراقدا، لەگەڵ سوود وەرگرتن لەو رێككەوتن‌ و لێكتێگەیشتنانەی كە ژمارەیان گەیشتۆتە نزیكەی 90 رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگا و ناوەندە ئەكادیمییەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا، سەبارەت بە ئاستی زانكۆمان لە رانكینی نیشتمانی زانكۆكاندا هەنگاوی گەورەی بڕیوە. ‏‎لەم یادە شكۆدارەدا، رایدەگەیەنین بە هاوكاری‌ و پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەین كە وەك ناوەندێكی زانستی‌ و تەكنیكی لە بوارە جیاوازەكاندا لەئەستۆماندایە، هەروەها پابەند دەبین بە بڕیارەكانی وەزارەت لەپێناو سەلامەتی گیانی خوێندكارانمان و خۆپارێزی و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەئێستادا بەشێوەیەكی خێرا لە هەرێمەكەماندا سەریهەڵداوەتەوە، هەر بەوهۆیەشەوە زانكۆمان ناتوانێت وەكو ساڵانی رابردوو چالاكییە زانستی و جۆراوجۆرەكانی لە رۆژی دامەزراندیدا ئەنجام بدات كە بڕیاربوو بۆ ماوەی 10 ڕۆژ چالاكیی پێشكەش بكات. ‏‎دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئومێدەوارین ئەم دۆخە بەزوویی كۆتایی پێبێت و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمەكەمان ئاسایی ببێتەوە و سەرجەم هاوڵاتیانمان سەلامەت و پارێزراوبن. ‏‎سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 2021/4/4
This shortcode LP Profile only use on the page Profile