Back

کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێوەر و بنەماکانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکان پەسەنددەکات ساڵانە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێزبەندى نیشتمانى لەنێوان زانکۆکانى کوردستان ئەنجامدەدات، کە بریتیە لە ڕێکخستنی پێشبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لە نێوان زانکۆکان، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەى ئەمشەویدا پێوەرو بنەما زانستییەکانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستانى پەسەند کرد. هەرێمی کوردستان، عێراق GOV.KRD شەوى پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/4/1) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت بەئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بەشێوەى ئۆنلاین لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچو. لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵەکانى لێژنەى ڕیزبەندى و نوێنەرى زانکۆکانی بەرزنرخاند بۆ ئامادەکارییەکانیان بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسى لێژنەى پێشوى ڕیزبەندى نیشتمانى کرد بۆ کار و ئەرکەکانیان لەساڵانى ڕابردو، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە ڕیزبەندی نیشتمانی توانی گۆڕانکاری بەرچاو لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەنجامدانى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان زانکۆکانی کوردستان. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: لەژێر رۆشنایی ڕوئیاو بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچونەوەمان بە پێوەرەکان کردوە، بە تایبەت توێژینەوەی زانستی و چالاکیە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانیەکان و بەشداری زانکۆ لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی گۆمەڵگە. چونکە زانیارییەکانى ڕیزبەندی نیشتیمانی بەکار دەهێنین بۆ توێژینەوەی زیاتر لەبارەى سێکتەرى خوێندنی باڵای کوردستان. وتیشى: دەخوازین هەموان بەیەکەوە بتوانین کار بۆ پتەوکردنی سێکتەرى خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بکەین. لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە وتەیەکدا تیشکى خستە سەر کارى لێژنەى ڕیزبەندى و ئەرکەکانیان لەماوەى ڕابردو، بۆ ئەمەش پاڵپشتى تەواوى خۆى بۆ زانکۆکان بەمەبەستى سەرکەوتنى پرۆسەکە دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: مەبەستمانە ئەم پرۆسەیە وەک یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانى وەزارەت بەسەرکەوتوى بەڕێوەبچێت و پێوەرو بنەماکان هۆکارى سەرەکى بێت بۆ کوالێتیەکى باش بۆ سەرجەم دامەزراوەکانمان لە هەرێمى کوردستان. لە کۆبونەوەکەدا د. محمد حسین ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگترین پێوەرو بنەماکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کرد بۆ ئەمساڵ کە بۆ پۆڵینکردنى زانکۆکان پەیرەو دەکرێت. لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان بەشدارى کاراو گفتوگۆى چڕیان لەبارەى پێوەرو بنەماکان و سەرنج و تێبینیەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنى پرۆسەکە خستەڕو، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت پێوەرو بنەماکانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستانى پەسەندکرد.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile