Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنی زانستی ژماره‌ 87 ی واژۆكرد

له‌ درێژه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌و لێكگه‌یشتنه‌ زانستییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ 87 ڕێككه‌وتن، ئه‌مڕۆش لێكگه‌یشتنێكی زانستیانه‌ی له‌گه‌ڵ كۆلێجی ئه‌ركان سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژۆكرد. له‌پاش ڕاگۆڕینه‌وه‌و گفتوگۆیه‌كی تایبه‌ت و پێشكه‌شكردنی پشتیوانییه‌كانی زانكۆ به‌ كۆلێجی ئه‌ركان له‌ چوارقوڕنه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24 ی ئاداری 2021 پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، به‌ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و كارگێڕی و دارایی، لێكگه‌یشتنێكی زانستیان له‌گه‌ڵ عمید ركن سالار ابراهیم صابر ڕاگری كۆلێجی ئه‌ركان سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ واژۆكرد. مه‌به‌ست له‌ لێكگه‌یشتنه‌ زانستییه‌كه‌ش ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش و پێشكه‌شكردنی زانست و زانیاری نوێیه‌ به‌ ئه‌فسه‌رو پله‌دارانی ئه‌و كۆلیژه‌ كه‌ به‌ دوو ساڵ جارێك ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌فسه‌ران تیادا بڕوانامه‌ی بكالۆریۆسی سه‌ربازی وه‌رده‌گرن و له‌كۆتاییدا ده‌بنه‌ هێزێكی به‌رگری مه‌زن له‌ سنوری هه‌رێمی كوردستان. هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن بۆ له‌مه‌ودوا هه‌وڵ بدرێت لێك نزیكبونه‌وه‌ی زیاتر و هه‌ماهه‌نگی باشتر دروست بكرێت به‌ئاراسته‌ی ئاڵوگۆڕی تواناكان و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌ زانستییه‌كان، هه‌روه‌ك بڕیاریش له‌داهاتوودا كۆنفرانس و سیمیناری تایبه‌ت له‌سه‌ر خواست ئاماده‌بكرێت. زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌كۆی ئه‌و 87 ڕێككه‌وتنه‌ زانستیانه‌ ئه‌نجامیداون زۆرینه‌یان كه‌وتونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌و نێوه‌نده‌شدا مامۆستایان و خوێندكاران بونه‌ته‌ سه‌نته‌ر و به‌ پراكتیكی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌روه‌ها زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێت هه‌ر ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌تواناكانیان بێت ئاماده‌ن به‌پێ ی پلانێكی پێش وه‌خت هاوكارو پشتیوان بن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ته‌كنیكی و پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئه‌و زانسته سه‌رده‌میانه‌‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌جیهاندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌كۆتاییداو له‌پاش واژۆكردنی لێكگه‌یشتنه‌ زانستییه‌كه‌ ، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆو ڕاگری كۆلێژی ئه‌ركان ، لۆگۆی خۆیان پێشكه‌ش به‌یه‌كتر كرد و هیوایان خواست له‌كه‌مترین ماوه‌دا خزمه‌تی گه‌وره‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. شایانی باسه‌ واژۆكردنی ئه‌م لێكگه‌یشتنه‌ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هه‌ستا به‌ كردنه‌وه‌ی خولێكی به‌هێزكردن له‌بواری ئه‌ته‌كێت و پرۆتۆكۆل له‌شوێنی كاردا بۆ 62 ئه‌فسه‌رو پله‌داری كۆلێجی ئه‌ركان له‌ چوارقوڕنه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile