دوو خوێندکاری خوێندنی باڵای كۆلێجی تەکنیکی تەندروستی توێژینەوەکی گرنگ لەسەر چارەسەرکردنی کۆرۆنا بڵاودەکەنەوە
هەردوو خوێندكاری دكتۆرا (سۆما سعید محمد و صلاح قادر محمد) لە كۆلێجی تەکنیکی تەندروستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بەسەرپەرستی (پ.ی.د.محمد بابەكر مینە) توێژینەوەیەكی گرنگیان بڵاوکردەوە لە گۆڤارێكی نێودەوڵەتی (Scopus) بەناوی (Indian Journal of Forensic Medicine and Toxicology) لەسەر چارەسەركردنی نەخۆشی كۆرۆنا بە بەكارهێنانی تیشك.
لە توێژینەوەكەدا توێژەران گرنگی چارەسەری تیشكیان خستۆتەڕوو بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی كۆرۆنا كاتێك نەخۆشییەكە تووشی سییەكانی مرۆڤ دەبێت، ئەمەش بە بەكارهێنانی بڕێكی كەمی تیشكی (X-Ray) بۆ سییەكان كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەكە، شایەنی باسە ئەم چارەسەر تائێستا لەژێر تاقیكردنەوەدایە و لە ئەگەری سەركەوتنی دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بەمەبەستی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و راگرایەتی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاڕاستەی ئەو خوێندكارانە دەكەن و بەڵێن و پشتیوانی وەك هەمیشە بۆ سەرجەم خوێندكاران و مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆمان دووپاتدەكەنەوە.