كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی هاوبەش ئەنجام دەدرێت
رۆژی چوار شەممە (2021/3/10) (د.تەیب ئەحمەد حەمەسوور و د.سالار ابراهیم علی) بە نوێنەرایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی، بەشداربوون لە كۆبوونەوەیەكی زانستی بۆ ئامادەكاری ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی نێودوڵەتی كە بڕیارە رۆژانی (2021/11/11,10) لە هەولێر ئەنجام بدرێت.
كۆنفرانسەكەش زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و زانكۆی پۆلیتەكنیكی شیمالی لە موسڵ و زانكۆی تەكنیكی ئەوسەت لە شاری نەجەف و زانكۆی (UTM)ی مالیزی ئەنجامدەدرێت، كە تێیدا چەندین توێژەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەبواری بایۆلۆجی و پزیشكیدا بە چەندین توێژینەوەی بە پێزی زانستی بەشداردەبن.
لەهەمان كاتدا بڕیارە مانگی (7)ی ئەمساڵیش كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پێنجەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەهاوبەشی لەگەڵ هەمان ئەو زانكۆ عیراقی و كوردستانیانەی كە ناوبران لەشاری سلێمانی ئەنجام بدات، بەمەش لەمساڵدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەبێتە خاوەنی دوو كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبواری زانستە پەیتییەكان و زانستە پزیشكی و تەندروستییەكاندا.