Back

د.یوسف گۆران: دامەزراندنى یەکەمەکانى زانکۆکان گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایى

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: سەربارى ئەو دۆخە ئابورى و ئەمنیەیى کە ڕوى لە کوردستان کرد، بەڵام ڕێگەمان نەدا پڕۆسەى پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان دوا بکەوێ و، لەو چوارچێوەیەشدا توانیمان کۆمەڵێک کار و پڕۆژە تەواو بکەین و، زۆر پڕۆژەى دیکەش لە قۆناغى جێبەجێکردندان. ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەییدا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٨/٢٠١٥) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دەزگاو دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن ڕێکخرابوو. دامەزراندنى یەکەمەکانى زانکۆکانى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: هەرچەندە بڕیارى ڕاگرتنى دامەزراندنى یەکەمەکانى زانکۆکان لە کابینەى حەوتەم درابوو، بەڵام ئێمە هەوڵى بەردەوامانداوە بۆ دامەزراندنى یەکەمەکان بۆ ئەوەى ڕوحى کێبڕکى لە نێوان زانکۆکانى کوردستان لە پێناو بەرەوپێشبردنى ئاستى زانست بەردەوام بێت، بەخۆشحاڵیەوە لە ئێستادا ڕایدەگەێنین کە هەواڵى دامەزراندنى یەکەمەکانى زانکۆکان گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایى و خەریکە هەوڵەکان سەردەگرێت، بۆیە سوپاسى وەزارەتى دارایى و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەکەین کە هاریکارمان بون لەو پڕۆسەیەدا. لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان سەبارەت بە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد لە ڕۆژانى داهاتودا لیستى ئەو زانکۆیانە بڵاو دەکەینەوە کە لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە باوەڕپێکراون و خوێندکارانى کوردستان دەتوانن تێیاندا بخوێنن، وتیشى لیستەکە نزیکەى (٢٠٠٠) دوو هەزار زانکۆى لە سەرانسەرى جیهان لە خۆگرتوەو، پێویستیش دەکات هەر خوازیارێک کە نیازى خویندنى هەبوو لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات دەبێت سەردانى وەزارەت بکات و دۆسیەى تایبەت بەخۆى بکاتەوە بەر لەوەى سەفەر بکات. ڕێنمایى تایبەت بەیەکسانکردنى بڕوانامەکان لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بە ڕێنمایى تایبەت بەیەکسانکردنى بڕوانامەکان کرد وتى: ڕێنمایى یەکسانکردنى بڕوانامەکان یەکیک بوو لە کێشەکان کە بەردەوام ڕوبەڕوى ئەوانە دەبوەوە کە لە دەرەوە دەیانخوێندن و دەگەڕانەوە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش دواى هەوڵ و کارێکى زۆر توانیمان ڕێنمایى تایبەت بە یکسانکردنى بڕوانامەکان دەربکەین، کە لە ئامادەکردنیدا ڕەچاوى کواڵیتى خوێندن کراوە، هەروەک گرنگى بەو لایەنانە دراوە کە پێویستن بە پاراستنى کواڵیتى بڕوانامە لە کوردستان. دەستپێکردنەوەى خوێندنى دکتۆرا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەى تەرخانکرد بۆ دەستپێکردنەوەى خوێندنى باڵا/دکتۆرا لە زانکۆکانى کورستان و لەو بارەیەوە وتى: ماوەى پێنچ ساڵە خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕاگیرابوو، بەڵام خۆشبەختانە دواى داڕشتنەوەى سیستەمى نوێى خوێندنى دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان، بەجۆرێک پڕۆسەى خوێندنى کۆرسەکان و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بەئاڕاستەى بەرزکردنەوەى ستاندارد و پاراستنى کواڵیتى و بەشداریکردنى ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بێت، توانیمان خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکان هەرێمى کوردستان دەست پێ بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە (٦٧٣) کورسى خوێندنى دکتۆرا لە بوارى پسپۆڕى جیا بەسیستەم و کواڵیتێکى بەرز لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕادەگەێنین. ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان د.یوسف گۆران باسى لە پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان کردو لەوبارەیەوە وتى: ئەمساڵ بۆ یەکەمجار توانیمان پڕۆژەى ڕێزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخەینە قۆناغێکى پێشکەوتوى جێبەجێکردنەوە و، لە ئێستادا زانکۆکان سەرگەرمى ئامادەکردنى داتاکانى تایبەت بەو پڕۆژەیەن و، هاوکات سیستەمێکى پێشکەوتوو بۆ ئەنجامدانى ڕیزبەندى نیشتیمانى ئامادەکراوە و، لە کۆتایى مانگى ئەیلولى داهاتودا ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکان ڕادەگەێنین. سەبارەت بەپڕۆژەکەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە هەڵسەنگاندنى زانستییانەى زانکۆکانى کوردستان و ڕیزبەندکردنیان لەبەر ڕۆشنایى پێوەرە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخستنى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان زانکۆکان، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە “ئەم پڕۆژەیە هەلى پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکان دەڕەخسێنێت لەسەر بنەماى کواڵیتى، هاوکات هۆکارێکى گرنگە بۆ ناساندن و ئاشناکردنى زیاترى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەپێوەرو کەلتورو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان, کە لە ئاکامدا بەرزبونەوەى کواڵیتى و گەشەکردنى زانستى و ئەکادیمى لێدەکەوێتەوە”. سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەییەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تیشکى خستەر سەر کارەکانیان لە بوارى توێژینەوەى زانستى و لەو بارەیەوە ووتى: یەکێک لە کارەکان کە بایەخى تایبەتیمان پێدا سەنتەرەکانى توێژینەوە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش توانیمان پڕۆژەى دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بخەینە قۆناغى جێبەجێکردنەوە، ئەم ئەنجومەنە بریتیە لە ئەنجومەنێکى نیشتیمانى، کار دەکات بۆ داڕشتنى چوارچێوەى سیاسەت و ستراتیژى گشتى توێژینەوەى زانستى و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوە لە بوارى پسپۆڕى جیادا، بەلەبەرچاوگرتنى پێداویستى زانستى و تەکنەلۆژى و ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: “توانیمان گەشەى زیاتر بەسێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانمان بدەین و، ژمارەیان لە (١١) سێنتەرى توێژینەوە بۆ (٤١) سێنتەرى توێژینەوەى زانستى زیاد بکەین”، ڕونیشیکردەوە ئەو سێنتەرى توێژینەوانە تەنها زانکۆ حکومیەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لە زانکۆ تایبەتیەکانیش دەگرێتەوە و، لە هەندێ زانکۆى تایبەت خۆشبەختان لە (١٥% بۆ ٢٠%) بودەجەکەیان بۆ سێنتەرەکان تەرخان کردوە. پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: “ساڵى پار توانیمان هەندێ هەنگاو تازە لە پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان بنێن، بەشێوەیەک بەڕەچاوکردنى پاراستنى کواڵیتى و ئاستى ژێرخانى و پێداویستییەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان هەوڵماندا زۆرترین ژمارەى خوێندکار وەربگرین”، بۆ خوێندکارانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: “سەربارى ئەو کیشە ئەمنیانەى کە ڕوبەڕوى خوێندکارانى ئەو ناوچانە بوەوە، بەڵام ڕێگەمان نەدا لە پڕۆسەى خوێندن دوا بکەون و، توانیمان (٥٠٠) کورسى خوێندن بۆ خوێندکارانى ئێزیدى و خوێندکارانى شارى کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان دابین بکەین، لەهەمان کاتدا توانیمان (١١٨٦) خوێندکار کە لە زانکۆکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دەیانخوێند بە شێوازى میواندارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین”، د.یوسف گۆران ئاشکراشیکرد کە ئەو پڕۆسەیە ئەمساڵ بەشێوازێکى فراوانتر بەردەوام دەبێت. پاراستنى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆکانى کوردستان وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە بەشێکى کۆنگرە ڕۆژنامەییەکەدا ئاشکرایى کرد: کە ” ئەمساڵ توانیومانە هەڵسەنگاندن و پێداوچونەوە و چاکسازى لە سیستەمى دڵنیایى جۆرى زانکۆکان ئەنجام بدەین و، هەوڵمانداوە پڕۆسەى متمانەبەخشینى ناوخۆى و نێودەوڵەتى لە کەلتورى زانستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بچەسپێنین. وتیشى هەنگاوەکانمان بەئاڕاستەى کارکردنە بۆ پاراستنى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆکانمان و تەرکیزى تەواومان هەیە لەسەر پتەوکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین و پەرەپێدانى پڕۆگرامەکانى خوێندن و پڕکردنەوەى بۆشاییەکانى نێوان پێداویستییەکانى بازارى کارو ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانمانە”. د.یوسف گۆران ئاشکراشیکرد کە “ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى لە دیوانى وەزارەت کردۆتەوە بۆ گەشەپێدانى تواناى ئەکادیمى و سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن، ڕونیشیکردەوە لە ڕێى ئەو ئینستیوتەوە هەوڵ دەدرێت تواناى مامۆستایان بەرز بکەینەوە، لەگەڵ گەشەپێدان بە توانا کارگێڕییەکانى زانکۆکان. نزیکبونەوە لە ستانداردە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنى پڕۆسەى بۆلۆنیا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: پڕۆسەى بۆلۆنیا یەکێکە لە پڕۆسە هەر گرنگەکانى گەشەپێدانى زانکۆکان، هەربۆیە لە (٥٠) وڵاتەوە زانکۆکان ئاوێتەى ئەو پڕۆسەیە بونەو تا دێت ژمارەى زانکۆکان کە تێکەڵى ئەو پڕۆسەیە دەبن لە زیادبوندایە، لەسەر ئاستى کوردستانیش د.یوسف گۆران وتى: هەوڵەکانمان بۆ ئاوێتەکردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەستانداردە ئەکادیمییەکانى زانکۆکانى ئەوروپا لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆسەى بۆلۆنیا گەیشتۆتە قۆناغێکى پیشکەوتوو بەهاوکارى زانکۆى بۆلۆنیاو ژمارەیەک لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە وڵاتانى جیایى ئەوروپا، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: بۆ ئەو مەبەستە ئەمساڵ توانیمان ژمارەیەک وۆرکشۆپ و دیدار و کۆبونەوە بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕێکبخەین، هەر بۆ گەیشتن بەو پڕۆسەیە ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان هەوڵى جدیان داوە. کردنەوەى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى کوردستان هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەکردنەوەى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى هەرێمى کورستان کرد و وتى: بەخۆشحاڵیەوە ئەمساڵ بەهاریکارى کۆنسڵگەرى گشتى ئەمریکا و ڕێکخراوى (ئایرێکس)ى ئەمریکى بۆ یەکەمین جار توانیمان سێنتەرى بەکارخستن لە زانکۆکانى کوردستان بکەینەوە، ئامانج لە کردنەوەى ئەو سێنتەرانەش بڕیتیە لە ڕاهێنانى خوێندکاران ودەرچوانى زانکۆکانى کوردستان لەبارەى چۆنێیەتى پیشکەشکردن و دۆزینەوەى هەلى کارو بەستنەوەى ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکان بە پێداویستیەکانى بازارى کارى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و بەتایبەت قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیران کرد لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ سەرخستنى ئەو پڕۆسەیە. کردنەوەى بەشى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان سەبارەت بەکردنەوەى بەشى نوێ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: ئەمساڵ توانیمان (٣٨) بەشى زانستى نوێ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەینەوە، لە کردنەوەى ئەو بەشە زانستیانەشدا ڕەچاوى پێداویستیە هەنوکەییەکانى هەرێمى کوردستانمان کردوە، کە بەهۆیانەوە دەرفەتى وەرگرتن بۆ ژمارەیەکى زیاتر لە دەرچوانى ئامادەیى دەڕخسێنن، ئاشکراشیکرد کە دوو بەشى زانستى (کارگێڕى و ژمێریارى) بۆ یەکەمینجار لە دەرەوەى سنورى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بکەینەوە، ڕونیشیکردەوە ئەو دوو بەشە سەر بە زانکۆى چەرموو-ن و لە قەرەهەنجیر کراونەتەوە، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: مەبەست لە کردنەوەى ئەو دوو بەشە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنە بۆ ئەو خویندکارانەى کە ئامادەییەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم تەواو دەکەن. خوێندنى تایبەت وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەى تەرخان کرد بۆ قسەکردن لەسەر خوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش وتى: وەزارەتەکەمان کارى جدى دەکات بۆ چاودێکردن و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆ تایبەتیەکان، هەربۆیە لە دیوانى وەزارەت ئەنجومەنێکى تایبەتمان بۆ چاودێریکردنى پڕۆسەى خوێندنى تایبەت پێکهێناوەو، پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى زانکۆ تایبەتیەکانیش بەوردى چاودێرى دەکرێت. هەر لەو بارەیەوە وتى: داوامان لە سەرجەم زانکۆ تایبەتەکان کردوە کە سێنتەرى توێژینەوەى زانستى دابمەزرێنن و چالاکى توێژێژینەوەى زانستیش لە زانکۆ تایبەتەکان کارا بکەن، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕاگەیاند: کە زانکۆ تایبەتەکانیان ڕاسپاردوە هەوڵەکانیان چربکەنەوە بۆ پەرەپێدانى کواڵیتى و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى. هەر پەیوەست بەخوێندنى تایبەت د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: بۆ یەکەمینجارە ڕێنمایى پەیمانگە تایبەتەکانمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەرکردو ئەمڕۆ پەسندمان کرد و، لە هەفتەى داهاتودا بڵاوى دەکەینەوە، کە بەهۆیەوە دەرفەتى کردنەوەى پەیمانگەى تایبەت دەڕەخسێنیت لە کوردستان. سەبارەت بە نرخى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کە نوسراویان ئاڕاستەى سەرجەم زانکۆکان کردوە، ڕەچاوى دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان بکەن و نرخى خوێندن بەرز نەکەنەوە، وتیشى خۆشبەختانە زانکۆکان بەدەم داواکەمانەوە هاتون و پابەندبونیان بە بڕیارەکانى وەزارەت دوپات کردەوە. کردنەوەى ئۆفیسى وەزارەت لە شارى کەرکوک وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: بەئامانجى کارئاسانیکردن بۆ خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم لە خانەقین تا شەنگال نوسینگەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستیمان لە شارى کەرکوک کردەوە، ڕونیشیکردەوە کردنەوەى ئەو نوسینگەیە لە چوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچانە وەک بەشێک لە هەرێمى کوردستان و، بۆ پەرەپێدان بە خوێندنى باڵا لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان. دابەزاندنى دەسەڵاتەکان بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان د.یوسف گۆران وتى: لەسەرەتایى دەستبەکاربونمان بڕیارماندا کە ئەو دەسەڵاتەى یاساو ڕێنماییەکان ڕێگەى پێدەدات شۆڕبکەینەوە بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى هەر بۆ ئەو مەبەستەو ڕەخساندنى زەمینەى ئازادى و ڕایکردنى کارەکان وەک لە دنیاى پێشکەوتودا هەیە، بریارماندا سەربەخۆى زیاتر لە بوارى ئەکادیمی و زانستى و کارگێڕى و دارایى زیاتر بدەین بە زانکۆکان. تواناسازى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: سەربارى بارودۆخى تایبەتى هەرێمى کوردستان و قەیرانى نەخوازراوى دارایى لە ماوەى ساڵى (٢٠١٤ و ٢٠١٥)دا توانیمان بڕى (٣١,٦٠٠,٠٠٠) ملیۆن دۆلار بۆ خەرجى خوێندن و بژێوى ژیانى کاندیدانى تواناسازى دابین بکەین، کە ئەوەش دەسکەوتێکى گرنگ و پێویستە بەهەند وەربگیرێت، ڕونیشیکردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکدا لیستى نوێى خەرجکردنى مافە داراییەکانى کاندیدانى بەرنامەى تواناسازى ڕابگەێنین. هەر بۆ کاندیدانى تواناسازى و ئەوانەى تا ئێستا سەفەریان نەکردوە، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: لە ڕێنماییەکانى دکتۆرادا دەرفەتى خوێندمان لە ناوخۆى کوردستان بۆ ڕەخساندون بەبێ ئەوەى ناویان لە بەرنامەى تواناسازى ڕەش بکرێتەوە. وەرگیراوە لە http://mhe-krg.org/ku/node/2293

This shortcode LP Profile only use on the page Profile