Back

د. ئالان فه‌ره‌یدون: ده‌مانه‌وێت فه‌ره‌نسا رۆڵێكى باش ببینێت له‌ به‌ره‌وپێشبردنى میللـه‌ته‌كه‌مان

سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندى جدى ‌و ئه‌كادیمییان له‌گه‌ڵ زانكۆكانى فه‌ره‌نسا هه‌بێت ‌و ده‌شڵێت: “ده‌مانه‌وێت فه‌ره‌نسا رۆڵێكى باش ببینێت له‌ به‌ره‌و پێشبردنى میللـه‌ته‌كه‌مان له‌ بوارى زانست و ئه‌كادیمییه‌تدا “.

رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 30ى حوزه‌یرانى 2015، وه‌فدێكى رێكخراوى دۆستایه‌تى كوردى – فه‌ره‌نسى، سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى-یان كرد ‌و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكى زانكۆ ‌و یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى چه‌ند به‌شێك كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو فلۆرانس دیدیۆ جێگرى سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ باسى له‌وه‌كرد: ده‌یانه‌وێت ژوورى بازرگانى فه‌ره‌نسا – كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، وتیشى: “ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندى ئه‌كادیمى له‌نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و زانكۆكانى فه‌ره‌نسا دروست بكه‌ین ‌و راهێنان به‌ خوێندكاره‌كانى كۆلێژه‌كانى ئه‌و زانكۆیه‌ بكه‌ین له‌ڕێگه‌ى كۆمپانیا بیانییه‌كانى ناوخۆى هه‌رێم ‌و فه‌ره‌نسا.

خاتوو فلۆرانس دیدیۆ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: هه‌وڵى ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى خوێندن ده‌ده‌ین بۆ خوێندكارانى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، هه‌روه‌ها هه‌وڵى به‌ ئه‌ندام بوونى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌ده‌ین له‌ سه‌ندیكاى زانكۆكانى جیهان كه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌و سه‌ندیكایه‌وه‌ مامۆستایانى زانكۆ ده‌توانن به‌ ئۆنلاین وانه‌ به‌ خوێندكاران بڵێنه‌وه‌”.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌ شاندنى میوانى راگه‌یاند: “به‌ هیواین ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ ده‌ستپێكى په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و له‌ نێوان زانكۆكه‌مان و زانكۆكانى فه‌ره‌نسا به‌ ئه‌نجامدانى چه‌ند چالاكییه‌كى رۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگى له‌ شارى سلێمانى وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كارى هاوبه‌ش، هه‌روه‌ها هیواشى خواست به‌ هاوكارى ئه‌و رێكخراوه‌ فه‌ره‌نسییه‌ بتوانن به‌ هاوبه‌شى سه‌نته‌رێكى فه‌ره‌نسى – كوردى له‌ناو زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بكه‌نه‌وه‌”.

له‌ درێژه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگرى سه‌رۆكى رێكخراوه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ “له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش ‌و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى پێشمه‌رگه‌ داویه‌تى كوردستان وێنه‌یه‌كى زۆر جوانى له‌ جیهان دروست كردووه‌، خه‌ڵكى فه‌ره‌نساش زۆر به‌جوانى سه‌یرى كوردستان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى زانكۆكه‌تانه‌وه‌ لایه‌نه‌ زانستییه‌كه‌ى كوردستانیش پیشانى خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌مان بده‌ین شانبه‌شانى ئازایه‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگدا”.

زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، زانكۆیه‌كى نوێیه‌ ‌و ساڵى 2012 له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ مۆڵه‌تی پێدراوه‌، جێی ئاماژه‌پێكردنه‌ كه‌ نزیكه‌ى سێ هه‌زار ‌و پێنج سه‌د ستاف ‌و كارمه‌ندى هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌شت په‌یمانگه‌ ‌و پێنج كۆلێژ پێكهاتووه‌و له‌ناو نۆ كه‌مپى جیاوازدان له‌ پارێزگاى سلێمانى.

ئه‌مسال زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ زۆر بوارى جیاواز ‌و په‌یوه‌ندیدار به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ نزیكه‌ى سی سیمپۆزیه‌مى ئه‌نجامداوه‌، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ كاریگه‌ریی گرنگ و به‌رده‌وام له‌سه‌ر دام ‌و ده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داناوه‌

This shortcode LP Profile only use on the page Profile