دیداری سلێمانی بۆ لامەركەزی كۆتاییهات
لەژێرناونیشانی ( سیستمی لامەركەزی هاوچەرخ بۆ خزمەتی هاوڵاتیان ) دیداری سلێمانی لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەهاوكاری ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامدرا.
كاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارێزگار و ئەندامانی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانتاران و سەرۆكی زانكۆكان و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و راگرانی كۆلێج و پەیمانگان و مامۆستایانی زانكۆ و كەناڵەكانی راگەیاند، دیداری سلێمانی بۆ لامەركەزی لەژێرناونیشانی ( سیستمی لامەركەزی هاوچەرخ بۆ خزمەتی هاوڵاتیان ) لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەهاوكاری ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هۆتێل رامادای شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
دیدارەكە دوو پانێلی سەرەكی لەخۆگرتبوو كە تێدا پرسی لامەركەزی لە چەند دیدێكی جیاوازەوە گفتوگۆی لەسەركرا، پانێلی یەكەم لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەبرا بە میوانداری هەریەك لە ( د.یوسف گۆران ، حاكم خدر حسن، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر ) كە لە چەند روویەكەوە پرسی لامەركەزییان لە ئەركی حكومڕانی و دەسەڵاتی دادوەری و هەروەها لامەركەزی لە حكومەتی خۆجێی گفتوگۆیان لەبارەوەكرد و دیدو بۆچوونی خۆیان لەوبارەوە خستەڕوو كە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە و خزمەتێكی گەورە بە هاوڵاتیان دەكات.
پاشان پانێلی دووەمی دیدارەكە لەلایەن پ.ی.د.رەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەبرا بە میوانداری ( پ.ی.د.مستەفا رەسوڵ ، پ.ی.د.نەرمین مەعروف ، عەبدولرەحمان ساڵح ) كە هەریەكەیان بەجیا تیشكیان خستەسەر پرسی لامەركەزی لە ڕووی كارگێری لە دیدی یاسایی و گەشەی ئابووری و هەروەها بانكی هەرێم و لامەركەزیەتی دارایی لە حاڵەتی جێبەجێكردندا.
دواتر لەلایەن میوانانی دیدارەكەوە چەندین ڕاو سەرنج و تێبینی لەسەر پرسی لامەركەزی و لێكەوتەكانی ئاڕاستەی بەشداربووانی پانێلی دیدارەكە كراو وەڵام و روونكردنەوەی پێویست بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.