وەزیری خوێندنی باڵا: پێویستە پرۆسەی خوێندن لەسەر بنەمای (فێربون و بیرکردنەوەی داهێنەرانەو کارسازی) دابڕێژینەوە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دەبێت ئەو ڕاستیەمان لە پێش چاو بێت کە (پێداگۆجی) لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ئابورییەکانی سەدەی بیست و یەک و گەشەکردنی تەکنۆلۆجیاو دەرهاویشتەکانی پەتای جیهانی کۆرۆنا، دەرفەت و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، گەلێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئێمەش وەک نەتەوەیەکی زیندو دەبێت هەوڵ بدەین لەم کاروانە دوا نەکەوین.
ئەو ڕاگەیاندنەی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (9/2/2021) لە مەراسیمێك و لە میانەی پێشكەشكردنی وتارێكیدا هات، كە بەبۆنەی دابەشکردنى بڕوانامەى زانكۆی (HAMK)ى فنلاندى بەسەر (٥٣) بەشداربوى ڕاوندى یەکەم و دوەمى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) ڕێكخرابو.
لەو مەراسیمەدا، كە لە سێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر، بەئامادەبونی بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرۆكی ژمارەیەك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو، لەسەرەتادا ئامادەبوان بەساتێك ڕێگرتن بۆ گیانی پاكی شەهیدان بەبێ دەنگی وەستان.
پاشان د.ئارام محەمەد قادر وتارێكی پێشكەشكرد، لە وتارەكەیدا دوای خستنەڕوی جێبەجێكردنی كارنامەی وەزارەتەكەی لە ماوەی یەك ساڵ و هەشت مانگی ڕابردودا، لەهەمان کاتداباسی لەو ئاستەنگ و ئاڵنگاریانەش كرد، كە بونە هۆكاری بەجێنەگەیاندنی تەواوی كارو پڕۆژەو بەرنامەكانیان، وتیشی مایەی شانازییەكی گەورەیە بەرگەی قەیرانەكانمان گرت و ڕێگەمان نەدا پڕۆسەی خوێندن پەكی بكەوێ.
لەبارەی خولی پێداگۆجی، وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی وتی: بێگومان پڕۆژەی ڕیفۆرمی سیستمی پێداگۆجی خاڵی وەرچەرخانە بە ئاراستەی فراوانکردنی دونیا بینی نەوەی نوێ و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادی بیرکردنەوە و، داهێنان و کارسازی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە و، پێداویستییەکانی بازاڕ و گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکەمان، ڕاشیگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و بنیادنانی کارامەیی بەدی بهێنین، لەهەمانكاتدا دەبێ متمانەی تەواومان بە توانای ناوازەی یەکە بە یەکەی قوتابیان و خوێندکارانمان هەبێت و، دەرفەتی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەو توانایانە بڕەخسێنێت.
هەر سەبارەت بەگرنگی پڕۆسەی پێداگۆجی، د.ئارام محەمەد قادر وتی: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای (فێربون و بیرکردنەوەی داهێنەرانەو کارسازی) دابڕێژینەوە، هەمو خوێندکارێک دەبێت بەشداربێت لە کارێکی داهێنەرانە” کە خزمەت بە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بکات و، هەوڵ بدەین پرۆسەی خوێندن بەتەواوەتی لەگەڵ کۆمەڵگە و بزنس و کەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێکەوە گرێدراو بن، چونكە پرۆسەی فێربون لە سەدەی بیست و یەکدا پرۆسەیەکی داینەمیکە و دەبێت هەمو سوچێکی کۆمەڵگە وەک ژینگەیەکی پەروەردەیی بۆ خوێندن و فێرکردن بەکار بهێنرێت، بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆگرامەی ئێوەش خزمەت بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە دەکات، لە كۆتایی وتەكەشیدا سوپاسی تایبەتی زانکۆی هامکى كرد، لە هەمانكاتدا سوپاسی زانكۆ تایبەتەكانی كرد، كە هەماهەنگ بون لە سەرخستنی ئەو پرۆسە گرنگە.
لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا، لە پانێڵێكدا كە لەلایەن مامۆستا فوئاد سمایل سەرپەرشتیاری پێداگۆجی لەوەزارەت بەڕێوەچو، ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەشداربوی خولەكە باسیان لە گرنگی و ئەزمونی دوو ساڵەی كاركردنیان لەو سیستمە نوێیە كرد و، بەهەنگاوێكی گرنگ و گەورەی وەزارەتیان لە قەڵەمدا.
لە بەشی كۆتایی مەراسیمەكەشدا، لەلایەن د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و، لێپرسراوانی ئامادەبو بڕوانامەی زانكۆی (HAMK)ى فنلاندى بەسەر (٥٣) بەشداربوى ڕاوندى یەکەم و دوەمى خولى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دابەشكرا.