كونسوڵی گشتی ئەرمینیا سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرد
بەمەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگی زانستی و ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی نێوان زانکۆکانی ئەرمینیا و زانکۆی پۆلیەتەکنیکی سلێمانی، ئەرشەك مانوكیان كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان بەیاوەری هێمن کەریم مام ڕەش سەرۆكی رێكخراوی دۆستایەتی كوردی –ئەرمەنی سەردانی سەرۆکایەتی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 24 /1 /2021 لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەئامادەبوونی د.سۆران ئەبوبەکر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری زانکۆ بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕی و خوێندکاران و شیروان حامد بەڕێوەبەری ئۆفیسی نێودەوڵەتیی زانکۆ پێشوازیكرا لە ئەرشەك مانوكیان كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان، پاشان لەمیانی كۆبوونەوەیەکدا باس لەپەرەپێدانی پەیوەندی زانستی نێوان زانكۆكانی ئەرمینیا و زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئەنجامدانی كاری توێژینەوەی هاوبەش و هەماهەنگی زیاتری زانستی لە نێوان هەردوولا کرا.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین باسی لە زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پێگەی زانكۆ و چالاکیەکانی زانکۆی بۆ وەفدی میوان کرد و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا زیاتر بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت و بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی خوێندکاران و مامۆستایان و پرۆسەی خوێندندا، لای خۆشییەوە كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان سەرسامی خۆی بە ئاستی زانسی و تەکنیکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەرفراوانی زانکۆ دەربڕی.
شایەنی باسە لە ساڵی ٢٠١٩دا لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمیی لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی یەریڤانی حکومی وڵاتی ئەرمینیا واژۆکرا بەئامانجی ئەنجامدانی چالاکی زانستی و کۆنفراس و سیمپۆزیۆم و توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.