مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ سێهەمینجار فەندێکی ئەوروپی بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی بەدەستدەهێنێت
لە بەردەوامی دەستکەوتەکانی لە بەدەستهێنانی فەندی نێودەوڵەتیدا بۆ پڕۆژە توێژینەوە و چالاکی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش، د.ڕۆژین کەمال محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کلتووری دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ جاری سێهەم توانی فەندێکی ئیراسمۆس پلەسی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاڵوگۆری زانستی لەگەڵ زانکۆی مەساریک بەهاوبەشی ئەو زانکۆیە بەدەستبهێنێت.
ئەم ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییە بوار دەڕەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنان بۆ دوو ستافی ئەکادیمی و ئیداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و دوو ستافی زانکۆ چیکییەکە هەریەکێک بۆ ماوەی یەک هەفتە لە وڵاتی چیک و هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی فەندەکەی یەکێتی ئەوروپا، وە هەروەها بواری ڕاهێنانی زانستی بۆ خوێندکارێکی خوێندنی باڵا (ماستەر یان دکتۆرا) ی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڕەخسێنێت بۆ سەردانکردن و چالاکی و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆ چیکیەکە بۆ ماوەی ٥ مانگ.
شایەنی باسی ئەم ئاڵوگۆڕە زانستییە بە فەندی یەکێتی ئەوروپا دەبێتە سێهەم گروپی ئاڵوگۆڕی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆ چیکیەکە کە تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوەام دەبێت. لە ماوەی داهاتوودا مەرجەکان و ئاگاداری پێشکەشکردن بۆ ئاڵوگۆڕەکە بە بنەمای هەلی یەکسان لە وێب سایت و سۆشیال میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لە ڕێگەی گروپی ئیمەیڵەوە بۆ گشت ستافی ئەکادیمی و ئیداری و خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە زانکۆمان بڵاودەکرێتەوە.