Back

كونسڵگەری چین هاوكاری پزیشکی پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكات

بەئامانجی سەرخستنی پڕۆسەی خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و، دوركەوتنەوە لە پەتای كۆرۆنا، كونسڵگەری كۆماری میللی چین، كۆمەڵێك هاوكاری پزیشكی پێشكەش بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد. لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێكەوتی (14/1/2021) نی روچی کونسڵی گشتی كۆماری میللی چین و وەفدێكی هاوڕێی سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییان كردو، لەلایەن د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ستافى وەزارەت بەگەرمی پێشوازییان لێكرا. لە دیدارێكدا، كە بەئامادەبونی د.ئامانج عەبدوڵا ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.محمد حسین سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆری د. جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان كۆماری میللی چین و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرا. پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی هاوبەشدا، وردەكاری هاوكارییەكان و ئاستی پەیوەندییەكان بە میدیاكاران و نێردراوانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن درا. لەو بارەیەوە، د. عبدالفتاح عبدالرزاق دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، ڕایگەیاند: كونسڵگەری كۆماری میللی چین كۆمەڵێك هاوكاری و پێداویستی پێشكەش بەوەزارەتەكەمان كردوە، ئەم هەماهەنگی و هاوكارییە بەرز دەنرخێنین. پاشان كونسڵگەری گشتی كۆماری میللی چین لە هەولێر، دوای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد، ڕایگەیاند: بەر لە هاتن و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا پەیوەندی وڵاتەكەمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داڕشت و، لە میانەی ئیمزاكردنی چەند ڕێكەوتنامەكەیدا بازنەی پەیوەندییەكانمان لە ڕوی زانستی و كلتوری فراوان كرد، بۆ ئەوەش جگە لە ڕەوانەكردنی چەندین گروپی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان بۆ وڵاتی چین و ئاشنابون بەكەلتور و كەلەپور و لایەنی زانستی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان، لەهەمان كاتدا ساڵانە لە زانكۆكانی چین لە ڕێگەی سكۆلەرشیپەكانمان توانیومانە دەرفەتی خوێندن بۆ ژمارەیەكی زۆر لە خوازاریانی خوێندنى باڵا لە تەواوى دونیاو هەرێمى كوردستان بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا بڕەخسێنین. كونسوڵگەری چین ئەوەشی ڕاگەیاند: بۆ پەرەپێدان بەزمانی چین لە هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییەكانمان توانیومان بۆ یەكەمین جار بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەڵاحەددین بكەینەوە، كە ئێستا ژمارەیەك خوێندكار لەو بەشە درێژە بەخوێندن دەدەن. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، (نی روچی) باسی لە هاوكارییەكانی ئەمڕۆی وڵاتەكەی كردو ڕایگەیاند: بەخۆشحاڵیەوە بۆ خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا ئەمڕۆ (300000) دەمامەك و، (1500) بوتڵی پاككەرەوە پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكەین، هیوادارین ئەم هاوكارییە ببێتە پاڵپشتیەك بۆ سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن. هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: گەلی كورد لەگەڵ كۆماری میللی چین پەیوەندییەكی لە مێژینەیان لەگەڵ یەكتردا هەیە، وتیشی كۆماری میللی چین وڵاتێكی ئیلهام بەخش بوە بۆ زۆرێك لە نەتەوەو گەلە چەوساوەكان، هەر بۆیە لە كاتی لێقەومانەكانی كوردا هاوكارییەكی زۆری پێشكەش بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد كرد و، گەنجانی كورد ئیلهامی زۆریان لە شۆڕشەكانی ئەو وڵاتە وەرگرتوە. بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند: وەزارەتەكەمان خوزاریارە پەرەی زیاتر بەئاستی پەیوەندییە زانستییەكانمان بدەین لەگەڵ كۆماری میللی چین، تا گەنجانی وەڵاتەكەمان سود لە ئەزمونە زۆر و سەركەوتوەكانی ئەو وڵاتە وەرگرێت، بۆ ئەوەش داوایكرد كونسڵگەری چین سكۆلەرشیپی تایبەت پێشكەش بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكات تا دەرفەتی باشتر بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا لە کوردستان بڕخسێنن. لە كۆتایی وتەكەشیدا، د. عبدالفتاح عبدالرزاق سوپاسی ئەو هاوكاری و كۆمەكە پزیشكیەی كرد، كە ئەمڕۆ پێشكەشی وەزارەتیان كرد، هیواشی خواست لە داهاتودا گرنکی زیاتر بەسێكتەرەكانی دیكەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بدرێ.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile