
پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانهوه
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان
مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران
بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەتایبەتی دەکەین. رۆژی ئاڵای کوردستان ڕۆژێکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ ھەموو کوردێک، مێژووی دوورودرێژی میللەتی کورد سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە گەلەکەمان قوربانی گەورەی بەخشیوە لەپێناو فەراهەمکردنی ئازادی و بەدەستھێنانی مافەڕەواکانی و پاراستنی خاک و شکۆی گەلی کورد کە ئاڵای کوردستانیش بووەتە یەکێک لە پیرۆزی و ڕەمزە دییارەکانی .
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دەخوازین لەمامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانمان وەک هەمیشە لەپاڵ ئاڵای کوردستاندا، ئاڵای زانست بەبەرزی و شەکاوەیی ڕابگرن و ڕوبەڕوی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن بوەستن کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندن کەمێک دواکەوتووە.
ھیواخوازین ئەم ڕۆژە ببێتە سەرەتای خۆشی و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان و هاتنەدی ڕۆژێکی نوێ لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا.
بەرزو پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای نەتەوەییمان.
٭ لەڕۆژی 22\1\1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد بۆ یەكەمجار بەفەرمی ئاڵای كوردستان ههڵكرا و بوو بە هێمای كۆماری كوردستان. دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان كۆتایی پێهێنرا و لەرۆژی 1946/12/17 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لە دوژمنان كە سووكایەتی پێنەكرێت، ئاڵای كوردستان داگیرا. پهرلهمانى کوردستانیش بۆ یهکهم جار له 11/11/ 1999 بڕیاری ژماره 14ى دهرکرد کهیاساى ئاڵاى ههرێمى کوردستانه.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاکییەکانی
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
2020/12/17