Back

ڕێنمایی بۆ چۆنیه‌تی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان

له‌به‌ر ڕۆشنایی كۆبونه‌وه‌ی ژماره‌ (4)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی (22/2/2015) به‌ڕێوه‌چو و، به‌ئاماژه‌دان به‌‌بڕگه‌ی (3) ته‌وه‌ری چواره‌م، كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاریدا له‌ پڕۆسه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كاندا ئه‌م ڕێنماییانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت: یه‌كه‌م: لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان به‌فه‌رمانی وه‌زاری پێكده‌هێنرێت و، به‌شێوازێكی نهێنی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ببات. دوه‌م: لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان به‌پێی بواره‌ پسپۆڕییه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند تیمێكی پسپۆڕی جیا دابه‌ش ده‌بن، هه‌روه‌ك له‌ ده‌سنیشانكردنی ئه‌ندامانی لێژنه‌كاندا ڕه‌چاوی هه‌ڵبژاردنی ده‌رچوانی وڵاتانی جیا ده‌كرێت. سێیه‌م: پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن و وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت: 1. پێویسته‌ بڕوانامه‌كه‌ له‌ زانكۆیه‌ك به‌ده‌ستهێنرابێت كه‌ له‌ لیستی یونسكۆ و، لیستی زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرابێت. 2. هه‌موو به‌راییه‌كانی بڕوانامه‌ی پێشكه‌شكراو دبلۆما (جداری)و، بڕوانامه‌ی نمره‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خوێندن و كۆنسڵگه‌ری كۆماری عێراقی فیدراڵ، یان نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاستاندنی بۆ كرابێت. 3. پێویسته‌ هه‌موو پێشكه‌شكارێك كۆپییه‌كی ئه‌لكترۆنی نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی، یان تێزی دكتۆراكه‌ی پێشكه‌ش بكات. 4. بۆ هه‌ر بڕوانامه‌یه‌ك فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ئیمه‌یل و په‌یوه‌ندی ئه‌لكترۆنی له‌گه‌ڵ زانكۆكه‌ پڕۆسه‌ی ڕاستاندن ئه‌نجام ده‌دات. 5. پێویسته‌ پێشكه‌شكار پاسپۆرتی ڕه‌سه‌ن و، وێنه‌یه‌كی كۆپی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پاسپۆرته‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، كه‌ تیایدا مۆری چونه‌ ژوره‌وه‌و ده‌رچونی وڵاتی خوێندنی تێدا بێت، له‌گه‌ڵ ڤیزای خوێندن یان كارتی نیشته‌جێبون بۆ مه‌به‌ستی وردبینی له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ وڵاتی خوێندن له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كان. 6. پێویسته‌ پێشكه‌شكار له‌ ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌یدا پابه‌ند بوبێت به‌ئاماده‌بون و وه‌رگرتنی (یه‌كه‌ی ئه‌كادیمی) پێویست به‌پێی ئاستی بڕوانامه‌كه‌ی. 7. پێویسته‌ پێشكه‌شكار له‌گه‌ڵ دۆكیۆمێنته‌كانی بڕوانامه‌كه‌یدا ناسنامه‌ی باری شارستانی. ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی كه‌ هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان نین پێویسته‌ دۆكیۆمێنتی نیشته‌جێبونی درێژخایه‌ن پێشكه‌ش بكه‌ن. 8. فه‌رمانی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان بۆ ئه‌و ناوه‌ ده‌رده‌كرێت، كه‌ له‌ دۆكیۆمێنته‌كانی بڕوانامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌، بۆیه‌ پێشكه‌شكار خۆی به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ گۆڕینی ناو. 9. ئه‌و نامه‌و تێزانه‌ی به‌زمانی ئینگلیزی نه‌نوسراون پێویسته‌ پوخته‌یه‌كی نامه‌كه‌ی، یان تێزه‌كه‌ی به‌زمانی ئینگلیزی پێشكه‌ش بكات. 10. ئه‌و بڕوانامانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراقی فیدراڵه‌وه‌ پڕۆسه‌ی یه‌كسانكردنیان بۆ ئه‌نجام دراوه‌، پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كسانكردنیان بۆ ئه‌نجام بدرێته‌وه‌. 11. پێویسته‌ له‌كاتی پێشكه‌شكردن و كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌دا ته‌واوی دۆكیۆمێنته‌كان پێشكه‌ش بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی وه‌رناگیرێت. چواره‌م: تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی بۆ مه‌به‌ستی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان 1. ئه‌و زانكۆیانه‌ی له‌ ڕیزبه‌ندی جیهانیان (Ranking) له‌ نێوان (1-2000)ه‌ به‌پێی دامه‌زراوه‌ی ڕیزبه‌ندی جیهانی باوه‌ڕپێكراو، جگه‌ له‌ دڵنیابون له‌ دروستی بڕوانامه‌كه‌، پێویستی به‌تاقیكردنه‌وه‌و سیمیناری زانستی نیه‌. 2. تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زانستی بۆ پسپۆڕییه‌ پزیشكیه‌كان له‌ ساڵێكدا (3) سێ جار ئه‌نجام ده‌درێت، واته‌ هه‌ر چوار مانگ جارێك. 3. بۆ سه‌رجه‌م پسپۆڕییه‌كان، پێشكه‌شكار ته‌نها (2) دوو جار مافی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ (2) دوو جار سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌، واته‌ به‌گشتی پێشكه‌شكار (3) سێ جار مافی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌بێت و، ماوه‌ی نێوان تاقیكردنه‌وه‌كانیش نابێت له‌ (3) سێ مانگ كه‌متر بێت. 4. تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی ته‌نها له‌ زانكۆكانی (سه‌ڵاحه‌ددین، سلێمانی، هه‌ولێری پزیشكی، دهۆك) ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ك له‌ كاتی نه‌بونی پسپۆڕی له‌و (4) چوار زانكۆیه‌ی ئاماژه‌یان پێدراوه‌، ده‌كرێت بۆ زانكۆیه‌كی دیكه‌ بنێردرێت كه‌ پسپۆڕیه‌كه‌ی تێدایه‌. 5. لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیار ده‌دات كه‌ چ بڕوانامه‌یه‌ك پێویستی به‌تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی هه‌یه‌، یاخود نا، هه‌روه‌ها شوێنی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ش لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان دیاری ده‌كات. 6. بۆ یه‌كسانكردنی هه‌ر بڕوانامه‌یه‌ك، پێویسته‌ پێشكه‌شكار بڕی (100$) دۆلاری ئه‌مریكی بدات، ئه‌گه‌ر پێشكه‌شكار پێویستی به‌ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی هه‌بێت، پێویسته‌ بڕی (50$) دۆلاری ئه‌مریكی دیكه‌ بۆ هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بدات، ئه‌م پاره‌یه‌ دوای خه‌رجكردنی كرێی هه‌ڵسه‌نگێنه‌رانی زانستی، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك دواتر به‌ڕێنمایی تایبه‌ت چۆنێه‌تی خه‌رجكردنی دیاری ده‌كرێت. 7. ئه‌گه‌ر پێشكه‌شكار بڕوانامه‌ی ماسته‌ری ته‌نها به‌كۆرسات به‌ده‌ستهێنابوو (واتا نامه‌ی ماسته‌ری نه‌بوو)، پێویسته‌ سیمینارێك له‌ یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كانی خوێندنه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات. 8. پێویسته‌ له‌ پڕۆسه‌ی یه‌كسانكردنی هه‌موو بڕوانامه‌یه‌كدا تێستی (plagiarism) بۆ نامه‌ی ماسته‌رو تێزی دكتۆرا ئه‌نجام بدرێت. 9. ته‌نها ئه‌و بڕوانامانه‌ په‌سند ده‌كرێت كه‌ ئه‌نجامی تێستی (plagiarism) له‌ (25% كه‌متر نه‌بێت) و، له‌ به‌شه‌ تیێۆرییه‌كانیش له‌ (50% كه‌متر نه‌بێت)، له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ تێستی (plagiarism) بۆ ته‌واوی نامه‌كه‌ یان تێزه‌كه‌ له‌ (40%) كه‌متر نه‌بێت. 10. ته‌نها ئه‌و بڕوانامانه‌ به‌ئه‌كادیمی ئه‌ژمار ده‌كرێن، كه‌ پێشكه‌شكار دوو بڕوانامه‌ی یه‌ك به‌دوای یه‌كی له‌ هه‌مان بواری پسپۆڕیدا به‌ده‌ست هێنابێت. 11. پێویسته‌ له‌ یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌ پیشه‌ییه‌كان به‌ڕوونی له‌ فه‌رمانی وه‌زاریدا ئاماژه‌ به‌پیشه‌یی بڕوانامه‌كه‌ بكرێت. 12. هاوكات له‌ فه‌رمانی تایبه‌ت به‌یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌و، یه‌كسانكردنی نمره‌ش به‌پێی سیسته‌می خوێندنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت. 13. پێویسته‌ له‌ فه‌رمانی وه‌زاری تایبه‌ت به‌یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌ ئاماژه‌ به‌ته‌واوی ئه‌م زانیاریانه‌ بكرێت، كه‌ بریتین له‌: ‌أ. ناوی ئه‌و وڵاته‌ی بڕوانامه‌كه‌ی تێدا به‌ده‌ستهێناوه‌. ‌ب. ناوی ئه‌و زانكۆیه‌ی بڕوانامه‌كه‌ی تێدا به‌ده‌ستهێناوه‌. ‌ج. ڕۆژ و مانگ و ساڵ و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌. ‌د. ژماره و ڕێكه‌وتی كۆنوسی لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كه‌. ‌ه. ناوی ته‌واوی خاوه‌ن بڕوانامه‌. سەرچاوە:http://www.mhe-krg.org/ku/node/2309

This shortcode LP Profile only use on the page Profile