Back

وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێمی كوردستان سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی زانكۆكان ده‌كات

له‌ نوسراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ سایتی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی نێردراوه‌ به‌ژماره‌ 859 له‌ 2020/11/2 به‌واژۆی د.ئارام محمد قادر ده‌رچووه‌، تیایدا سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م زانكۆ حكومییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به‌سه‌رۆك و یاریده‌ده‌رو بڕیارده‌رو ڕاگرو به‌شه‌كان و سه‌رجه‌م مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌،  سوپاسنامه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی زانكۆكان و دابینكردنی زۆرترین ژماره‌ی كورسی خوێندن بۆ ده‌رچووانی دوازده‌ی ئاماده‌یی. له‌به‌شێكی تری نوسراوه‌كه‌دا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی خۆی بۆ زانكۆكان دوپات ده‌كاته‌وه‌ له‌ پشتیوانی و دابینكردن و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی خوێندن له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن له‌زانكۆكان. پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی زانكۆ ووتی : به‌ناوی خۆم و ئه‌نجومه‌نی زانكۆو سه‌رجه‌م ستافی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه‌ سوپاسی پێزانینه‌كه‌ی د. ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكارانی دوازده‌ی ئاماده‌یی كه‌ ڕێژه‌ی وه‌رگیرانی خوێندكاران له‌ زانكۆمان 7455 خوێندكاره‌ به‌هه‌رسێ سیسته‌می (زانكۆلاین و پارالێڵ و ئێواران) واته‌ ته‌نها زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی 16% ی كۆی وه‌رگیراوان له‌زانكۆ حكومییه‌كانی وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زانكۆ سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆو سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی سه‌رجه‌م به‌شه‌ زانستییه‌كان و گشت مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كرد كه‌ به‌هه‌وڵ و ماندوبوون و شه‌ونخونی ئه‌وان ساڵی پار خوێندن له‌ فه‌وتان ڕزگاركراو له‌ پرۆسه‌ی وه‌رگیرانی خوێندكارانیشدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی سه‌ره‌ڕای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو نه‌بوونی موچه‌. له‌كۆتاییدا هیوای ساغ و سه‌لامه‌تی باشبوونی دۆخی ته‌ندروستی بۆ هه‌موان خواست.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile