Back

لیژنەكه‌ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی كرد

لە چوارچێوەی سەردانەكانیان بۆ كۆلێج و پەیمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، لیژنەی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق سەردانی كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی كرد و تەواوی بەش و هۆبەكانی كۆلێجیان بەسەر كردەوە.
لیژنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە لایەن دكتۆر حەیدەر عامر البغدادی سەرۆكایەتی كرا و لەگەڵ پ.ی.د. حەكیم عوسمان راگری كۆلێج و مامۆستا ئیكرام سەعید باجەلان یاریدەدەری راگر و تەواوی سەرۆك بەشەكانی سەر بە كۆلێج كۆبونه‌وە.
لە كۆبونەوەكه‌دا كورتەیەك لەبارەی كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕییەوە پێشكەشی ئامادەبووان كراو تیادا رەوشی و خوێندن و بەشەكان باسی لێوه‌كرا.
دواتر سەردانێكی مەیدانی بەش و هۆبەكانی كۆلێجه‌كه‌یان كرد و لەلایەن مامۆستایان و سەرۆك بەشەكانەوە زانیاری تەواو لەبارەی بەشەكانەوە دراوەتە لیژنەكە.
راگری كۆلێج ووتی، “لیژنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دڵخۆش بوون بەوەی كاروبارەكانی كۆلێج بەشێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچن”.
هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد، ئەندامی لیژنەكە هەندێك رەخنە و تێبینییان لەسەر هەندێك شوێنی بەشەكان هەبوو، بەڵام بەگشتی بەكارەكانی كۆلێج دڵخۆش بوون.
سەردانەكەی ئەو لیژنەیەش بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە بوونی مەرج و پێویستییەكان و ئەو پێداویستیانەی كە بۆ كردنەوەی زانكۆ نوێیەكان پێویستن تاوەكو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراقییەوە بەشێوەیەكی فەرمی بناسرێن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile