وێبیناری نێودەوڵەتی “کاتێک تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و کەلەپووری کولتووری بەیەک دەگەن” بەڕێوەچوو
رێكەوتی 10/10/2020 یەکەم وێبیناری هاوبەشی گروپی توێژینەوەی کەلەپووری کلتووری دیجیتاڵی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و تۆڕی نەهرەینی بەڕیتانی لەژێر ناونیشانی ” کاتێک تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و کەلەپووری کولتووری بەیەک دەگەن ” بەڕێوەچوو، بەئامادەبوونی زیاتر لە 90 بەشداربوو لەکۆی 12 زانکۆ و دەزگا و ڕێکخراو لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی زووم و کۆی زیاتر لە 190 بینەر لە ڕێگەی لایڤی فەیس بووکەوە.
وێبینارەکە لەلایەن د.ڕۆژین کەمال محمد امین دامەزرێنەر و سەرۆکی گرووپی توێژینەوەی کەلەپووری کلتووری دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هاوبەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەین و سکرتێری ڕێکخراوی ڕەشیدی نێودەوڵەتی پێشکەشکرا.
لەمیانەی وێبینارەکەدا، د.ڕۆژین کەمال باسی لە پەیوەندییە گەشەکردووەکانی نێوان تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و کەرتی کەلەپووری کولتووری کرد، وە لە ڕێگەی نموونەی پڕۆژەی داهێنەرانەوە، بەشداربووان ئاشناکران بەشێوازی نوێ و داهێنەرانەی پاراستن و بەڕێوەبردن و نمایشکردنی کەلەپووری کولتووری، لە خزمەت پەرەپێدانی ئەو کەرتە و دروستکردنی هەلی ئابووری لەو کەرتەدا لە ڕێگەی پڕۆژەی داهێنەرانەوە.
پڕۆژەی تۆڕی نەهرەین بنکەکەی لە زانکۆی کۆلێژی لەندەنە (یو سی ئێڵ)، پڕۆژەیەکی هاوبەشی زانکۆکانی یوسی ئێڵ و ئۆکسفۆردی بەڕیتانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی قادسییەیە. پڕۆژەکە لەلایەن پڕۆگرامی جی سی ئاڕ ئێف ی ئەنجومەنی توێژینەوەی ئەی ئێچ ئاڕ سی حکومەتی بەریتانیاوە سپۆنسەر دەکرێت.