کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەی (٤٥%) کەمکرایەوە
بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەی (٤٥%) هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەمکردەوە.
ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتی (١٢/١٠/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەی ژمارە (١٠)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سێنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئامانجی وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیانی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.
لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنی وەزارەت دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێژەی (٤٥%)ی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، بڕیارەکەش خوێندنی (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنی ڕێژەیەک لە کورسی خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، ئامانج لەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزارەتیش ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ دەرچووانی سەرکەوتووی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن هەروەها ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە بەرژەوەندی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی، لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکی دیکەی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و دانانی پلان و بەرنامەڕێژی بۆ پێشوازیکردن لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکی دیکەی زانستی و ئەکادیمی تاوتوێکران.