زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا
خوێندكارانی بەشی ئەندازیاری گەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە خولێكی ڕاهێنان و تاقیكردنەوەی كۆمپانیای هواویدا پلەی یەكەمیان لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەستهێنا .
لەپاش ڕیككەوتننامەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كۆمپانیای هواوی كە پارساڵ واژۆكرا و بڕیارە بۆ خوێندنی ئەمساڵ 2020-2021 سەنتەری ڕاهێنانی و تاقیگەی هونەری كۆمپانیاكە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بكرێتەوە، كۆمپانیای ناوبراو داوایەكی فەرمی ئاراستەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ ناردنی چەند خوێندكارێكی ئاستبەرز لەبواری ئەندازیاری گەیانددا بەمەبەستی بەشداری لە خولێكی ڕاهێنانی تایبەتی كۆمپانیاكە ، لەدوای بەشداری لە خولەكە و تاقیكردنەوە لەسەر ئەو بابەت و پرۆگرامانەی كە خوێنراون تاقیكردنەوە ئەنجامدراو لە ئەنجامدا خوێندكارێكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناوی (احمد برهان علی) توانی ئاستێكی بەرزو نمونەیی پێشكەشبكات و پلەی یەكەمی خولەكە بەدەست بهێنیت.
زانكۆ بەشداربووەكانی خولی كۆمپانیای هواوی بریتین لە ( زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ، زانكۆی بغداد، زانكۆی فورات،زانكۆی صلاح الدین،زانكۆی موصل، زانكۆی أنبار ،زانكۆی تەكنەلۆجی)
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24 ی ئەیلولی 2020 بە بەشداری پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆک و نوێنەری زانكۆ بەشداربووەکان و بەرپرسانی كۆمپانیای هواوی ئیقلیمی و نوێنەرایەتییان لە کوردستان و لەعێراق، لەمەراسیمێكی ئۆنلایندا خەڵات و دیاری تایبەت بەخشرایە سەركەوتووانی خولەكە، كە خوێندكار (احمد برهان علی) لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
لە ووتەیەکدا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی خوێندكارانی بەشداربووی خولی ڕاهێنانی كۆمپانیای هواوی كرد بەتایبەتی خوێندكارانی زانكۆو كە بریتیین لە (احمد برهان علی ، احمد محمد ، ژیار ستار رەزا، هیمۆ شۆڕش) پێی ڕاگەیاندن كەجێ ی شانازی زانكۆمانن و خۆشحاڵین بە بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە گەورەیە كە لە خولێكی نێودەوڵەتی ڕاهێناندا بەدەستییان هێناوە كە ئەمەش دەرخەری تواناو هەوڵەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە بۆ پێگەیاندنی كادیری لێهاتوو شارەزا بۆ نێو بازاڕی كارو دام و دەزگا حكومی و ناحكومییەكان كە بێگومان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاندەدات زیاتر كاربكەین بۆ هێشتنەوەی ئەو ئاستەبەرزەی خوێندن و فێركردن لە زانكۆكەدا بەئامانجی خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن و ڕایگەیاند هەموو پشتیوانییەكی ماددی و معنەویان دەكەن بۆ هەر هەنگاوێك بەئاراستەی فراوانكردنی توانا زانستییەكانیان بێت. هەروەها سوپاسی كۆمپانیای هواویشی كرد كە یەكێكە لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی دونیای ئەلیكترۆنیات و بەگرنگییەوە ئەم هەنگاوەیانی بەرز نرخاندو داوای كرد بەردەوام بن. هەروەها سوپاسی ڕاگرایەتی کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری کرد بەشی ئەندازیاری گەیاندن بۆ هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایانیان.
شایانی باسە تەنها زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی صلاح الدین لەهەرێمی كوردستان بەشداربوون و لەكۆی گشتی 40 خوێندكار لە خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان و عێراق بەشداربوون،
وا بڕیارە لەسەر بودجەی كۆمپانیای هواوی خوێندكاری ناوبراوی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و خوێندكارێكی زانكۆی أنبار بانگهێشتی ووڵاتی چین بكرێن بۆ ڕاهێنانی زیاترو برەودان بە تواناكانیان كە بێگومان جگەلەوەی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان ، ڕەخساندنی هەلێكی ناوازەشە بۆ هەلی كارو كرانەوەی خوێندكاران بەڕووی زانست و تكنەلۆجیا لە جیهاندا.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ هەوڵی جددی داوە بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی و بەهێزكردنی پێگەی زانكۆو خوێندكارەكانی لەگەڵ دنیای دەرەوەو مامەڵەكردن لەگەڵ زانستی سەردەم و پێشكەوتنەكان تا هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنێت بۆ دەرچووان و خاوەن بەهرە جیاوازەكان و خزمەتكردنی خوێندكارەكانی.