تاقیكردنەوەی زارەكی خوازیارانی خوێندنی باڵا ( ماستەرو دكتۆرا ) بەڕێوەچوو
لەپاش بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ پێدانەوەی هەلێك بەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا) كە لە تاقیكردنەوەی پێشوو دەرنەچووبوون یان بەپێ ی كێبڕكێ ی كورسییەكان هەلی سەركەوتنیان نەبوو ، تاقیكردنەوەی زارەكی خوازیاران لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2020 لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەپێ ی یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان ، بەچاودێریپ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەسەرپەرشتی سێ لیژنەی پسپۆرو تایبەتمەندی زانکۆ چاوپێكەوتن و تاقیكردنەوەی زارەكی بۆ 61 خوازیاری خوێندنی ماستەرو دكتۆرا بەڕێوەچوو كەلە تاقیكردنەوەی پێشتر چانسی سەركەوتنیان نەبوو.
هەرلەو بارەیەوە پ.د. سۆران سعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو هاوكات سەرۆكی لیژنە تایبەتمەندەكانی ئەم پرۆسەیە بەسایتی زانكۆی ڕاگەیاند: پاش ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی دەربڕی بە دووبارە چاوپێكەوتن و تاقیكردنەوەی خوازیارانی خوێندنی باڵا ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكان كە ئەوەش هەلێكی زێڕینە بۆ ئەوەی ژمارەیەكی تر خوازیار سەربكەون و بڕوانامەی خوێندنی باڵا بەدەست بهێنن ، بۆیە وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لیژنەی تایبەت و پسپۆرمان پێكهێناو ئەمڕۆو سبەی ئەو ژمارە خوازیارەی كە 61 كەسن تاقیكردنەوەیان لەگەڵ دەكەین و وا بڕیاریشە لەكەمترین كاتتدا ئەنجامەكان ڕابگەیەندرێت.
لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكاندا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی زارەكی خوازیارانی خوێندنی باڵای بەسەركردەوەو دەستخۆشی لە لیژنەكان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خوازیاران خواست.