زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كۆمار ڕێككەوتنێكی زانستییان واژۆكرد
بەئامانجی برەودان بە پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاو توانا و لێهاتوییەكان و ئەنجامدانی كاری هاوبەشی زانستی ، هەردوو زانكۆی پۆلیتنەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كۆماری ئەهلی لەشاری سلێمانی ڕێككەوتننامەیەكی زانستییان واژۆكرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 22 ی ئەیلولی 2020 پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی زانكۆ، پێشوازیكرد لە د. صلاحدین سعید سەرۆكی زانكۆی كۆمار و شاندێكی هاوڕێی.
سەرەتا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانەكەو بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد . لەبەرامبەردا سەرۆكی زانكۆی كۆمار سوپاسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ ئەو پێشوازیەو ڕایگەیاند كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ چالاك و پڕ بەرهەمەكانی كوردستان و شوێن دەستیان لە بواری خوێندن و داهێنانە زانستییەكاندا هەمیشە دییارو بەرچاوە، ووتی هەر ئەوەش وای لێكردین زیاتر نزیكترببینەوە وهەوڵ بدەین لەداهاتوودا كاری هاوبەش و چالاكی زانستی ئەنجام بدەین و سوود بە هەردوو زانكۆ بگەیەنین.
پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دووپاتی كردەوە كە زانكۆكەی هەمیشە لەخزمەت زانست و خوێندكاران و مامۆستایاندا دەبێت و پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەن بە ئاراستەی پێشخستنی بواری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 83 ڕێككەوتن و لێكگەیشتنی زانستی لەگەڵ چەندین دەزگاو دامەزراوەی زانستی و ئەكادیمی و میدیایی و كلتوری و ڕۆشنبیری ئەنجامداوەو زۆرینەیان كەوتونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە كە بێگومان سەرجەمیان خزمەت بە پرۆسەی خوێندن و مامۆستایان و خوێندكاران دەكات، بۆیە هیوای خواست نزیك بونەوەو ڕێككەوتنی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كۆمار پاڵنەرێكی باش و قۆناغێكی نوێ بێت بۆ گەشەسەندنی بواری خوێندنی باڵا و ڕەوتی خوێندن بەتایبەت بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2020-2021 كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە پێدەچێت بە ئاسانی تێنەپەڕێت.
لەكۆتاییدا ڕێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو زانكۆدا و لەلایەن پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. صلاحدین سعید سەرۆكی زانكۆی كۆمار واژۆكرا و پاشان لۆگۆی هەردوو زانكۆ گۆڕدرایەوەو چەند دیارییەكیش ئاڵوگۆڕكرا.