لەپرۆسەی دڵنیایی جۆریدا ، مامۆستا یەكەمەكانی زانكۆ خەڵاتكران
دڵنیایی جۆری پرۆسەیەكە ماوەی چەند ساڵێكە لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا پەیڕەو دەكرێت كە ئامانج لێی گرنگیدانی زیاترە بە پرۆسەی خوێندن و هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستی مامۆستایان و خوێندكارانە ، ئەمڕۆش لە مەراسیمێكدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ئەو مامۆستایانەی كە بەرزترین نمرەیان لەسەر ئاستی كۆلێج و پەیمانگاكان كۆكردۆتەوە لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریدا.
بەئامادەبوونی پ.ی.د. ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د سۆران سعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ، ئەمڕۆ چوارشەممە 9 ی ئەیلولی 2020 بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەستا بە ڕێكخستنی مەراسیمێكی ڕێزلێنان بۆ مامۆستای سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی زانكۆ كە لەپرۆسەی دڵنیایی جۆری ساڵی 2018-2019 سەركەوتوبوون .
لەمەراسیمەكەدا م. گوڵاڵە علی محمد وەك بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانكۆ ووتەیەكی پێشكەشكردو سوپاسی مامۆستایانی سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە سەرەڕای بێ موچەیی و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە كارو چالاكی و خزمەتەكانی خۆیان نەوەستاون و هەمیشە لەخەمی خوێندن و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندندا بوون، وە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لەو مامۆستایانەش كرد كە پلەی یەكەم و دووەم و سیهەمیان لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری دەزگاكەیان بەدەستهێناوەو هیوای خواست زیاتر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن و هاندەری مامۆستایانی تر بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستییان. هەروەها ئاماژەی دا بەو پێوەرانەی كە ئاستی مامۆستای پێ دیاریدەكرێت ئەوانیش 1- فیدباكی خوێندكاران 2- هەگبەی مامۆستا 3- زانستخوازی بەردەوام. وە ڕایگەیاند لەپێناو خۆپارێزی و بۆ دروست نەکردنی قەرەباڵغی، مامۆستا دووم و سێهەمەکان لەلایەن ڕاگرە بەڕێزەکانەوە خاڵاتی ڕێزلێنانیان پێدەبەخشرێت.
دواتر لەلایەن سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدری سەرۆكی زانكۆو ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی یەكەم لەسەر ئاستی 5 كۆلێج و 8 پەیمانگای تەكنیكی كە سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانین.