بەدروشمی (خۆپارێزی) ئاهەنگی 31هەمین خولی دەرچووانی خوێندكارانی زانكۆ بۆ ساڵی 2019-2020 بەڕێوەچوو
بەچاودێری د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ، بەدروشمی (خۆپارێزی) 31هەمین ئاهەنگی خولی دەرچووانی خوێندكارانی زانكۆ بۆ ساڵی 2019-2020 ئەنجاممدا.
لەمەراسیمێكی شایستەدا كە سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یاریدەدەران و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئامادەیبوون ، لەهۆڵی سەنتە ری ڕۆشنبیری سەرۆكایەتی زانكۆ ئاهەنگی خولی 31 ی دەرچوونی خوێندكارانی زانكۆ بەڕێوەچوو بەبێ ئامادەبوونی خوێندكاران و مامۆستایان بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆڤید 19 و دروستنەبوونی قەرەباڵغی و بەریەك كەوتن لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندكاراندا..
سەرەتا سەرۆكی زانكۆو ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە كەژاوەو ڕێوڕەسم هاتنە نێو هۆڵی ئاهەنگ و پ.ی.د. دانا احمد مصطفی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و سەرۆكی لیژنەی باڵای دەرچووانی زانكۆ ووتارێكی پێشكەشكردو تیایدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە یەكخستنی ووزەو توانا زانستییەكانی زانكۆ بەئاراستەی بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن و شان دانە ژێر هەموو ئاستەنگەكان. وە ڕایگەیاند كە پێویستە سوپاسی سەرۆكی زانكۆو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران بكەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان لەم ساڵە قورسەی كە تێمان پەڕاند بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی كوردستان دا و بویە ساڵی بەرهەم و قوربانیدان.
پاشان پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ووتارێكدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەران كرد بەبۆنەی دەرچوونی خولێكی تری زانكۆو پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ و بەرهەمدار بۆ خزمەتی دەزگاو دامەزراوە حكومی و تایبەت لەهەرێمی كوردستان، وە ڕایگەیاند كە ئەم ساتە وەختە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە لە مێژووی گەلانی دونیاو بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان چونكە ساتی دەرچوون و وەرگرتنی بڕوانامەی چوارساڵ كۆشش و ماندوبوونی ژمارەیەك خوێندكاری تەكنیكی و شارەزا لە پسپۆرییە جیاوازەكاندایە، ئێستا چركە ساتی لەدایك بوونی كۆمەڵێك كادیری كوڕو كچی خاوەن بڕوانامەو بەرهەمهێنە بۆ نێو دەزگاكانی حكومەت و هاوكات بازاڕی كار كە ئێستا لەهەموو كات زیاتر كۆمەڵگەو بازاڕی كاری كوردستان پێویستی پێیانە. لەدرێژەی ووتارەكەیدا ووتی ئەمڕۆ زانكۆ لەم سەردەمی كۆرۆنایەدا پرۆسەی خوێندن بە میكانیزمی جیاو خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوشەكەدا بەڕێوەدەبات بۆ پاراستنی مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەران و كوالێتی خوێندنیش لەگەڵیدا. لەكۆتاییدا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سوپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی هەموو ئەوانەكرد لە پرۆسەی خوێندنی 2019-2020 ماندوبوون و هەروەها سوپاسی ئاراستەی كەسوكاری خوێندكاران كرد كە بەبێ دابڕان نەوەكانیان هانداوە بۆ بەردەوام بوون لەخوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانكۆیی، پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی خوێندكاران كرد و هیوای خواست وێستگەی داهاتووی ژیانیان پڕبێت لە كامەرانی و بەدەستهێنانی كاری گونجاو.
دوا بەدوای ئەوە پ.د. سۆران سعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی بالا و بەنوێنەرایەتی كۆلیجەكانی زانكۆو پ.ی.د. دانا احمد مصطفی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و بەنوێنەرایەتی پەیمانگاكانی زانكۆ داوایان لە سەرۆكی زانكۆ كرد كە بڕوانامەی شایستە لەپسپۆرییە جیاوازەكان ببەخشێت بەخوێندكارانی سەركەوتوو، بەڕێزیشیان داواكەیانی پەسەند كرد.
پاشان خوێندکار محمد علی بە نوێنەرایەتیی خوێندكاران ووتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا ستایشی ڕۆڵی مامۆستایانی زانكۆیان كردو هەوڵ و ماندوبونەكانیان بەرزنرخاند لە پێگەیاندنی نەوەی دوارۆژی كوردستان و ڕێگەگرتن لە فەوتاندنی ساڵێكی خوێندنیان.
لەكۆتاییدا بەڕێوڕەسمی شایستەو گرتنی وێنەی ئەنجومەنی زانكۆ كۆتایی بە ئاهەنگەكە هات.