پەیوەندییە زانستیەكانی هەرێم و ئەڵمانیا زیاتر دەكرێن
كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێم سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كردو لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ گفتوگۆیان لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە زانستییەكانی نێوان هەردوولا كرا.
رۆژی یەك شەممە بەرواری 10/5/2015 پ,ی,د ئالان فریدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیو د. سۆران ئەبو بەكر محمد ڕاگری پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەرو گەیلان نەژاد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنو پەیوەندییە گشتییەكان, پیشوازیان لەكونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمی كوردستان كردو لەدیدارەكەدا باس لەدروست كردنی پەیوەندی زانستیو ڕۆشنبیریو كلتوری لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیو زانكۆكانی ووڵاتی ئەڵمانیا كراو هاوكات سەرۆكی زانكۆ داوای كرد لەرێگەی ئەمجۆرە لە پەیوەندییەوە هەوڵبدرێت كە خوێندكارانی هەردوولا زیاتر بە كلتورو فەرهەنگو ئاستی زانستی یەكتر ئاشنابكرێنو هەماهەنگی زانستی لەنێوان هەردوولادا زیاتر بكرێت، هەروەك داوای لە كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێم كرد زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر بە ناوەندە زانستییەكانو زانكۆكانی وڵاتی ئەڵمانیا بناسێنێتو دەرگای سەردان و گفتوگۆی نێوان هەدوولا زیاتر ئاوەڵا بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا گفنتوگۆكرا سەبارەت بە ئەنجامدانی پانێڵێك بۆ زیاتر یارمەتیدانو بەرەوپێشبردنی تواناكانی زانكۆو كۆلیجە جیاوازەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەبوارەكانی كەرتی وزەو هەروەها پاراستنی ژینگە, بڕیاریشدرا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو پانێڵە بە هاوبەشی هەردوولا بكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
لای خۆشیەوە كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بەمجۆرە دیدارانە پیشانداو رایگەیاند، گرنگی بەم جۆرە پەیوەندیانە لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتەكەیدا دەداتو هەوڵیش دەدات كە پەیوەندییەكانی هەردوولا بەرەوپێشتر ببات و هانی سەرمایەدارانی وڵاتەكەشی بدات كە هەوڵەكانیان بۆ سەرمایەگوزاری زانستی بەهاوكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەهەرێمی كوردستان بخەنەگەڕ