Back

دەزگای توێژینەوە و داهێنانی حکومەتی بەریتانی بۆ ساڵی دووهەم سوپاسنامەیەک ئاراستەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەكات

دەزگای توێژینەوە و داهێنان بەریتانی کە باڵاترین دەزگای حکوومەتی بەریتانیە بۆ فەندی توێژینەوەیە و داهێنان بە بوودجەی سەرو ۷ بلیۆن پاوەندەوە، سوپاس نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرد تايبەت بە د. ڕۆژین کەمال محمدامین، سەرۆکی گرووپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی سەر بەسەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و مامۆستا لە کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری بەشی پلانسازی شار، کە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە توێژینەوەکانی ئەو دەزگایەشە. لە نامەکەدا، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی دەزگا بەڕیتانییەکە سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی نووسیوە بۆ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پ.ی. د. ئالان فەرەیدوون علی ئەمین، بۆ کارەکانی هەڵسەنگاندنی د. ڕۆژین بۆ ئەو دەزگایە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا. هەڵسەنگێنەرانی دەزگا بەریتانییەکە، هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە توێژینەوە گەورە فرەملیۆن پاوەندیەکان دەکەن کە لەلایەن پڕۆفیسۆر و ئەکادیمی زانکۆ بەناوبانگە بەڕیتانی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانیانەوە پێشکەش دەکرێن بۆ وەرگرتنی فەندی حکوومەتی بەڕیتانی. هەر لەنامەکەشدا، ئاماژە بە ئەرک و ماندووبوون و پڕۆفیشناڵ کارکردن و ووردی هەڵسەنگێنەرەکانی وەک ناوبراو بۆ ئەو دەزگایە باس کراوە. شایەنی باسە، سەرۆکی گرووپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی یەکەم و تاکە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی ئەو دەزگایەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و گشت عێراق وە ناوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تاکە زانکۆیە کە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی هەبێت لەسەر ئاستی عێراق. لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا بانگهێشت کرا بۆ کۆبوونەوەی پانێڵێکی هەڵسەنگاندنی دەزگاکە کە لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو و تیایدا هاوشانی چەند هەڵسەنگێنەرێکی تری نێودەولەتی لەسەر ئاستێکی باڵادا هەڵسەنگاندنیان بۆ ١٤ پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەی فرە پسپۆڕی و فرە ملیۆن پاوەندەکانی پڕۆگرامێکی ئەو دەزگایە کرد و بڕیاریان لەسەر دان. وە هەر لەسەرەتای ٢٠٢٠ساڵی یش دا، هەڵسەنگاندنی بۆ ١١ ئەپڵیکەیشنی تری ئەو دەزگایە کردووە لە ڕۆڵی هەڵسەنگێنەرە نێودەوڵەتیەکەی دا بۆ ئەو دەزگا بەڕیتانیە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile