لە رۆژی ژینگەدا گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو
بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژینگە و بە بەشداری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ( یەكێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەشەكردنی بەردەوام و ژینگە ) بەشێوەی ئۆنلاین گفتوگۆیەکی کراوە بەناونیشانی ” ئێستا كاتی كاركردنە بۆ ژینگە ” رێكخست.
گفتوگۆکە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و بەشێک لە بەرپرسانی حکومی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد، کە لەسەر ئاستی عێراق تەنیا دوو سەرۆک زانکۆ بەشداربوون کە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بابەتێکی تێروتەسەلی سەبارەت گرنگی پاراستنی ژینگە و سوودەکانی خستەڕوو، هەروەها 39 پسپۆڕی جیاواز لە وڵاتانی عەرەبی باسیان لە گرنگی پاراستنی ژینگە کرد.
شایەنی باسە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و یەكێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەشەكردنی بەردەوام و ژینگە رێكکەوتننامەیەكی هاوبەشیان لەپێناو بەرەوپێشبردن و باشتركردنی خزمەتگوزاری ژینگەیی بەشێوازێكی زانستی و تەكنیكی سەردەمیانە واژۆكرد.
یەكێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەشەكردنی بەردەوام و ژینگە بارەگا سەرەكییەكەی دەكەوێتە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر و لەپێناو پاراستی ژینگە و سامانە سروشتییەكان چەندین لقی لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كردۆتەوە.