Back

توێژینەوەیەك لەسەر كاریگەری سۆشیال میدیا و ترسی كۆرۆنا لە كوردستان لە گۆڤارێكی ئاست بەرزدا بڵاودەکرێتەوە

پ. ی. د. هێرش رەسوڵ، مامۆستا لە بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بازاڕگەریی کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و، د. ئاراز رەمەزان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و مامۆستا لە زانكۆی راپەڕین، توێژینەوەیەكی هاوبەشی زانستییان دەربارەی (كاریگەریی سۆشیال میدیا لە بڵاوكردنەوەو دروستكردنی ترس و تۆقاندن لە سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، لە هەرێمی كوردستاندا)، لە یەكێك لە گۆڤارە ئیمپاكت فاكتەرە هەرە بەرزەكان بڵاوكردەوە.

توێژینەوەكە لە گۆڤاری (Journal of Medical Internet Research) بڵاوكراوەتەوە، كە بەپێی دواین ریزبەندیی فاكتەری كاریگەریی كلاریفەیت، خاوەنی ئیمپاكت فاكتەری (4.945)ـە.

ئەم ئیمپاكت فاكتەرە تائێستا بەرزترین ئیمپاكت فاكتەرە لەناو توێژینەوەی پسپۆڕییەكانی زانستە كۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان كە تائێستا بڵاوكرابێتەوە.

گۆڤاری (Journal of Medical Internet Research) لە ریزبەندیی گۆڤارەكانی دیجیتاڵ تەندروستیی و ئینفۆرماتیكسی تەندروستیی بە ئاست بەرزترین گۆڤار دادەنرێت و لەناو باشترین (26) گۆڤاری بوارەكە بە یەكەمین گۆڤار دانراوەو لە چارەكی یەكەمدایەو لەسەر ئاستی جیهانیش چوارەمین ئاست بەرزترین گۆڤاری زانستییە و لە چەندین دامەزراوەی زانستیی ئیندێكس كراوە، لەوانە: سكۆپەس و كلاریفەیت.

هەروەكچۆن توێژینەوەكە بە چەندین دەرەنجامی زانستی گەیشتوە، سەبارەت بە كاریگەریی سۆشیال میدیا لە دروستكردنی ترس و تۆقاندن لەناو جەماوەر و بەكارهێنەرانی پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیادا.

لەم توێژینەوەیەدا چەند تەوەرێكی زۆر گرنگ و پەیوەست بە ئێستای میدیای نوێ و سۆشیال میدیا لە جیهاندا تیشكی خراوەتە سەر، بە تایبەتیش لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە زۆرینەی حكومەت و دامەزراوە میدیاییەكانیشی لەدنیادا توشی كێشە كردووە، زانیاریی نادروست (Misinformation) و هەواڵی ساختە (Fake News) و زانیاریی زۆر لەپێویست (infodemic).

هەروەكچۆن لە سامپڵی توێژینەوەكەشەوە بە چەندین دەرەنجامی زانستیی گەیشتوون، لەوانە: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فاكتەری بەهێزی دروستبوونی ترس و تۆقاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون لە هەرێمی كوردستاندا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆرترین زانیاریی ناڕاست و ساختە هەواڵی تێدا بڵاوكراوەتەوە.

توێژینەوەكە بەو دەرەنجامەش گەیشتووە، كە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە هەرێمی كوردستان فەیسبووك زۆرترین كاریگەریی لەسەر دروستكردنی ترس و تۆقاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو بەكارهێنەرانیدا بینیوە. هەروەها زۆرترین لەبەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەماوەی سێ مانگی سەرەتای 2020دا بەرێژەی یەكەم هەواڵ و زانیاریی تەندروستی و پەیوەست بە كۆرۆنایان خوێندۆتەوەو، ئەوەش كاریگەری لەسەر لایەنی سایكۆلۆژی و شێوازو رەفتاریان لە ژیانی رۆژانەیان و ژیانی كۆمەڵایەتیاندا گۆڕیوە.

توێژینەوەكە بەچەندین دەرەنجامی زانستی دیكە گەیشتوەو لەرێگەی مۆدێلێكی ئامارییەوە گەیشتووە بەو دەرەنجامەی لە كاتی بڵاوبونەوەی پەتا جیهانییەكاندا، تا بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو زیادبوون بڕوات، ئەوا كێرڤی دروستبوون و بڵابونەوەی ترس و تۆقاندنیش زیاد دەكات و دواجار كاریگەریی لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی مرۆڤەكان دەبێت و گۆڕانكاری لەرەفتارو سلوكیاندا روودەدات، ئەو گۆڕانكارییەش بەپێی گروپی تەمەن و رەگەزو ماوەی بەكارهێنان دەگۆڕێت.

 

بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەكە، کرتە لەم رایەڵە بكە: https://www.jmir.org/2020/5/e19556/

This shortcode LP Profile only use on the page Profile