ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەرکرد
ئەمڕۆ دووشەممە (١٨/٥/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەی ژمارە (٧)ى ئەنجومەنی وەزارەت بە ئامادەبوونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ ڕەوشى ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێککارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى بۆ رێگریگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕوو، بۆ ئەمەش سوپاسى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ ڕێککارەکان و دەستخۆشیشى لە زانکۆ و دامەزراوەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بۆ هەوڵ و کارەکانیان و پاڵپشتى دامودەزگاکانى ترى تەندروستى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کۆڕۆنا.
لە تەوەرى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لێکەوتەکانى و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردەو ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە ڕاپۆرتێکدا بە داتاو ئامار وردەکارى پلانى وەرگرتن و تواناى زانکۆکانى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) خستەڕو، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) زیاتر لە (٩٠,٠٠٠) دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەش بکەن، کە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێکی وردو زانستی دەربارەی کێشەو ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت لە ژێر ڕۆشنای دوا ئامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -١٩ تاوتوێى پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی کردو لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بە مەرجێک لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێ کراو بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندکرد:
1. پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
2. چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابون.
3. لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران.
بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات کۆبونەوە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.