Back

هەزار كارتۆن خۆراك بەسەر ماڵانی هەژار و كەمدەرامەتدا دابەش دەكرێت

لەهەڵمەتێكی هاوكاری و مرۆییدا سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام بەهاوبەشی هەزار كارتۆن خۆراك بەسەر ماڵە هەژار و كەمدەرامەتەكان دابەش دەكەن. نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێكەوتی 2020/5/2 لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فەلاح سەلاح عەبدوڵا لێپرسراوی دەزگای مرۆیی مام بە ئامادەبوونی هەردوو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەك لە راگرانی كۆلێج و پەیمانگان و فەرمانبەرانی زانكۆ، هەڵمەتێكی دیكەی دابەشكردنی هاوكاری مرۆییان بەسەر ماڵە هەژار و كەمدەرامەتەكاندا راگەیاند كە خۆی دەبیێتەوە لە هەزار كارتۆن خۆراك و پێداویستی رۆژانە. لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین كە بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام بەردەوامین لە هاوكاری كردنی ئەو كەس و خێزانانەی كە پێویستییان بە هاوكاری و یارمەتییە، ئەمرۆش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە مرۆییەی كە لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی گرووپی ئەكادیمیانی خۆبەخشی سەر بە سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆ دەستمانپێكردووە هەزار سەبەتە خۆراكی دیكە دابەش دەكەین، كە پێشووتریش زیاتر لە 1200 سەبەتەی خۆراكمان گەیاندۆتە ماڵە هەژارەكان. پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین رایگەیاند: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام و هاوشێوەكانی درێژە بە كار و چالاكییە هاوبەشەكانیان دەدەن لە بواری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ژینگە و تەندروستی لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگە، كە بەمنزیكانە لەگەڵ چەند زانكۆ و دەزگایەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كۆنفرانسێكی گەورەی تەندروستی ئەنجام دەدەین كە لە بواری ڤایرۆسی كۆرۆنادا خۆی دەبینێتەوە. هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك یەكەمین زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ بنیادنانی زانكۆییەكی كۆمەڵگەیی وە بۆیەكەمین جاریش لەسەر ئاستی زانكۆكان سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگای دامەزراند كە لەلایەن لیژنەیەكەوە بەڕێوەدەبردرێت. لە كۆتاییدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: دووبارە سوپاسی دەزگاری مرۆیی مام دەكەین كە لە ماوەیەكی كورتدا و لەكاتی ئەم قەیرانەدا توانیویەتی جێگا دەستی دیار بێت و خزمەتێكی گەورە بە كۆمەڵگە و هەژاران بكات.   پاشان فەلاح سەڵاح عەبدوڵا لێپرسراوی دەزگای مرۆیی مام لە وتەیەكدا سوپاسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە توانیویانە پێكەوە بە هاوبەشی ئەم هەڵمەتە مرۆییە بەرفراوانە ئەنجام بدەن و هاوكاری هەموو ئەو كەسە هەژار و كەمدەرامەتانە بكەن بەبێ جیاوازی رەنگ و ئایدیا، وە لە داهاتووشدا دەبینە پاڵپشتێكی بەهێزی سەنتەرەكانی توێژینەوە و ناوەندە زانستییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان. شایەنی باسە مانگی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین پێشنیاری ئەوەیكرد بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ كە پێویستە زانكۆ زیاتر بچێتە نێو كۆمەڵگەوە و گرفتەكانی كۆمەڵگە بزانێت و هەوڵی ئاراستەكردنی دامەزراوەكانی حكومەت بدات بۆ ئەوەی بەئاراستەی چارەسەری ئەو گرفتانەدا پرۆژەكانیان جێبەجێ بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا كە سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگە لە زانكۆدا بكرێتەوەو لەڕێی ئەو سەنتەرەو كاری هاوبەش لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتدا ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن. ‎دەزگای مرۆیی مام، دەزگایەكی ناحكومی بێلایەن و قازانج نەویستە،لەژێر دروشمی (ئاشتی ،پێكەوە ژیان ،گەشەپێدان ) پلان بۆ پرۆژە و چالاكیەكانی دادەڕێژێت، بە پشت بەستن بە بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile