سەرۆكی زانكۆ: ناوەندی خزمەتی كۆمەڵگە دادەمەزرێنین
كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (12)ی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، چوار تەوەری سەرەكی تایبەت بە كاروباری پرۆسەی خوێندن و زانستی و كارگێڕی و دارایی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ئەمڕۆ رێكەوتی 2020/4/22 پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوە، لە سەرەتادا سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردو تیشكی خستەسەر دواین گۆڕانكارییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم كوردستانەوە.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی باسی لەوەکرد کە پێویستە زانکۆ زیاتر بچێتە نێو کۆمەڵگەوە و گیرو گرفتەکانی کۆمەڵگە بزانێت و هەوڵی ئاراستەکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بدات بۆ ئەوەی بەئاراستەی چارەسەری ئەو گرفتانە دا پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن، وەکو هەموو زانکۆکانی دیکەی دونیا زانکۆ ببێت بە بەشێک لە چارەسەری گرفتەکان و پلان و ستراتیژ ئاراستە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بەکۆی دەنگ بڕیاریاندا کە ناوەندی خزمەتی کۆمەڵگە لە زانکۆمان بکرێتەوەو لەڕێی ئەو ناوەندەو توێژینەوەو کاری هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن.
پاشان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پلان و بژاردەكانی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندنیان لە رێكەوتی 2020/5/2 بەدواوە تاوتوێكرد بە تایبەت جێبەجێكردنی بژاردەی (خوێندنی ئەلكترۆنی پاڵپشتكاری)، هەروەها رێژە و ژمارەی ئەو وانانەی كە ماون لەگەڵ میكانیزمی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان و پرسی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پلانی خوێندنی زانكۆ (ئێواران) بۆ ساڵی (2020-2021) بەشێوەی (مەرجدار) و لەكاتی گەڕاندنەوە و كاركردن بە رێنمایی دارایی (86) ساڵی 2017 كرا تایبەت بە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵی 2008 سەبارەت بە سەربەخۆیی زانكۆكان لە بواری كارگێڕی و دارایی و زانستی و ئەكادیمی.
تەوەری كۆتایی كۆبوونەوەكە تایبەتكرا بە گفتوگۆكردن سەبارەت بە چۆنیەتی دەوامكردنی ستافی كارگێڕی لەدوای رێكەوتی 2020/5/2ەوە لە سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ.
شایەنی باسە لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوە و مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا رێكەوتی 2020/5/2 پشووی فەرمییە لەسەرجەم فەرمانگە و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان.