خوێندکارە نمونەییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا دەکەن
لە وەرزی دووهەمی پرۆگرامی نێودەوڵەتی Global Solutions کە ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی جێبەجێی دەکات ١٧ تیمی جیاواز لە زانکۆکانی وڵاتانی ئوردن و عێراق و ئەمریکا کێبڕکێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کێشەیەک لە بواری تەکنەلۆژیادا.
لەمبارەیەوە ئاوێزە محەمەد خوێندکاری کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سایتی زانکۆی راگەیاند: پاش سەرکەوتنی بەرچاوی تیمێکی زانکۆمان لە وەرزی یەکەم و بەدەستهێنانی پلەی سێهەم لە چالێنجەکەدا، لەم وەرزەدا زانکۆمان بە ٣ تیم بەشداری لە پرۆگرامەکە کرد و پاش کارکردن بۆ ماوەی شەش هەفتە لەگەڵ هاوبەشەکانیان و سەرەڕای پێشهاتە تەندروستیەکانی ئەم دواییە بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە، لەکۆی پڕۆژەی ٦ تیم لە کۆی ١٧ تیمەکە سەرکەوتن بۆ فیناڵی پرۆگرامەکە کە دووانیان پڕۆژەی دوو تیمی زانکۆمانن و بڕیارە سبەینێ بەشداری بکەن لە پێشانگای بزنسی جیهانی کە بەشێوەی ڤیرچواڵ ئەنجام دەدرێت و دوای نمایشکردنی پڕۆژە پاڵێوراوەکان، پانێڵێک لە دادوەران و شارەزایان لە بواری بزنس هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و پڕۆژە سەرکەوتووکان دەستنیشان دەکرێن و خەلات دەکرێن.
شایەنی باسە دوو تیمەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن چەند مامۆستایەکی پسپۆری زانکۆوە سەرپەرشتی دەکرێن و بە بەشداری ١٠ خوێندکار لە پسپۆڕی جیا لە کۆلێجەکانی (تەندروستی، کارگێڕی، ئەندازیاری، ئینفۆڕماتیک) سەرپەرشتی دەکرێن.
پڕۆژەی Global Solutions Sustainability Challenge لەلایەن Stevens Initiative پاڵپشتی دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سپۆنسەریەتی و Aspen Institute بەڕێوەی دەبات و لەلایەن رێكخراوی IREX ەوە جێبەجێ دەكرێت.