خاتوو زنار رفیق سعید مامۆستا لەكۆلیجی تەكنیكی ئەندازیاری بەشی گەیاندن وە خوێندكاری ماستەر لەخوێندنی باڵا لە زانكۆی سلێمانی، بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی جیهان وە بە شێوازێكی نوێ( novel method ) یەكێك لەبچوكترین وە بەهێزترین موگناتیزی نانۆی دروستكردووە كە قەبارەكەی 10 بۆ 40 نانۆ دەبێت، شایانی باسە نەك تەنها دروستكردنی نانۆكانی بەسەركەوتویی جێبەجێ كردووە هەستاوە بە تێكەلكردنی یەكێك لەتەنە دەگمەنەكان ( Rare Earth) وە تەسككردنەوەی دابەشبوونی قەبارەی نانۆیی، كەیەكەم جارە لەگۆڤارێكی ئاست بەرزی بەریتانی نێودەوڵەتی متمانەی پێ بەخشراوە، وە لە 6 ی نیسانی 2020 پەسەند كراوەو بڵاوكراوەتەوە.
ئەنجامدانی ئەم جۆرە توێژینەوانە لەبواری نانۆ تەكنەلۆجیدا دەرگایەكی زانستی گەورە دەكاتەوە بەڕووی پەرەپێدانی لەبوارەكانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ، لەبەرئەوەی لەگەل بەرەو پێشچوونی ژیاندا ویستی تاكەكان لەسەر ئەم ئامێرە بچوككراوانە وە بەتایبەتمەندی بەرزترو زیاتر دەبێت، هەروەها بەهۆی بچوكی قەبارەی نانۆكان و بەرتەسكی باندی نانۆیی ئەتوانرێت چارەسەری چەندەها نەخۆشی وەك نەخۆشییە شێرپەنجییەكان وە گەیاندنی دەرمان و چارەسەر لەڕێگەی نانۆ لەناو لەشی مرۆڤدا ، هەروەها بەكار دێت لەدۆزینەوەو پشكنینی ڤایرۆس و بەكتریاكاندا ( Bio-Detection Or Biosensors).
وە چاوەڕێ دەكرێت زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ببێتە سەنتەرێكی نانۆتەكنەلۆجی گرنگ بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.
ئەنجامدانی ئەم جۆرە توێژینەوە ئاست بەرزانە دەیسەلمێنێت كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەڕووی توانای مرۆیی و تەكنیكییەوە هاوشانی زانكۆ جیهانییەكان لەبواری زانستی و توێژینەوەدا پێشەنگە.
[learn_press_profile]
